پێنج كەمپ ئامادەن بۆ ئاوارەكانی مووسڵ
(غەزوان حامید) سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "وەك قۆناغی یەكەم پێنج كەمپ بۆ پێشوازی لە ئاوارەكانی شاری مووسڵ ئامادە كراون؛ شوێنی نزیكەی پازدەهەزار خێزانی تێدا دەبێتەوە بە هەموو پێداویستییەکانەوە؛ بەڵام پێشبینی دەكەین ژمارەیەكی زۆرتر لەوەی خۆمانمان بۆ ئامادە كردووە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، كەمپەكانیش لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندان."
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی نەینەوا گوتیشی: "سەرەتا پێشبینی دەکرا سەدانهەزار ئاوارە لە مووسڵەوە بەرەو هەرێمی كوردستان بێن، بەڵام ئێستا پێشبینی ناكرێت بەو قەبارەیە خەڵك ئاوارە ببێت، چونكە گرتنەوەی گەیارە بۆ ئەزموونێك بۆ ئێمە و دەركەوت لە ناوچە عەرەبە سوونە مەزهەبەكان داعش زۆر بەرگری ناكات بۆ ئەوەی خاپوور نەكرێن، واتە زیاتر لەو ناوچانە بەرگری دەكەن كە ناوچەی پێكهاتەكان بۆ ئەوەی زیاتر زیانی بەركەوێت".
غەزوان دەشڵێ: "ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەموو هاوكارییەكیان ئامادە كردووە؛ هەر لە دروستكردنی كەمپەوە بگرە تا دەگاتە گەیاندنی هاوکاری بە خەڵكی مووسڵ لە كاتی هەڵگیرسانی شەڕەكەدا، بەڵام ئەو هاوكارییە بەشی هەموو دانیشتوانی شارەكە ناكات و هێشتا پێویستمان بە هاوكاریی زیاترە."
KDP
