وەزیری پەروەردەی عێراق: هەرێمی کوردستان داهاتی خۆی لەگەڵ ئاوارەکان بەش کردووە

 وەزیری پەروەردەی عێراق: هەرێمی کوردستان داهاتی خۆی لەگەڵ ئاوارەکان بەش کردووە
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2016 -10 -2 لە هۆتیل (ڕۆتانا)ی شاری هەولێر هەردوو وەزیری پەردوەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی پەروەردە و هاوکاریی نێوانیان، کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەنووسییان ساز کرد.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەگەر ڕێکخراوەکان فریا نەکەون، مەترسی هەیە ئاوارەیەکی زۆرتر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە هەر ئێستا نزیکەی 300 هەزار قوتابیی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن و نزیکەی 200 قوتابخانەیان بۆ تەرخان کراوە.

لە درێژەدا گوتیشی "ئێمە ئێستا گفتوگۆ دەکەین کە ئایا چۆن بتوانین لەبارەی ئاوارەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان، چۆن ڕێک بکەوین هەتا پێیان ڕابگەین. قوتابخانەکان ئاوارەیان تێدایە کە کاریگەریی لەسەر سیستەمی پەروەردە دروست کردووە، دەمانەوێت بزانین چۆن ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببینەوە.هیوادارم ئەم کۆبوونەوەیە، ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکاندا لە ئایندەدا هەماهەنگیمان هەبێت."

هاوکات محەمەد ئیقبال، وەزیری پەروەردەی عێراق، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ڕایگەیاند "لەڕاستیدا دیدارەکەی ئەمڕۆمان زۆر گرنگ بوو، لەبارەی بەهاناوەچوونی ئاوارەکان و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی هەولێر و بەغدا بوو. ئەم هاوکارییە لە نێوانماندا مەودایەکی فراوانی وەرگرتووە، هەرچەندە بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی ئاوارەکاندا ئاستەنگمان هاتووەتە پێش و لە هەرێمی کوردستان چەندین قوتابخانەمان بۆ ئاوارەکان دروست کردووە و بە هاوکاریی یونسێف هەوڵ دەدەین ئەو بەربەرستانە کەم بکەینەوە کە دێنە پێشمان."

وەزیری پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "بە نیازین گفتوگۆی زیاتر لەبارەی وەرگرتنی ئاوارەکان و قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و ئەو دەرهاوێشتانەی لێی دەکەوێتەوە، بکەین.

داوامان لە حکوومەتی بەغدا کردووە، بەشە بوودجەیەک بۆ قوتابی و خوێندکارانی ئاوارە تەرخان بکات، هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکەین، ئەو کێشانەی لە نێوانماندا هەبوون، پێیاندا بچینەوە."

لە کۆتاییدا گوتیشی "بابەتێکی دیکەی گرنگ بۆ باسکردن بریتییە لە داننان بە بڕوانامەی ئەو ئەنجامانەی کە قوتابییان وەری دەگرنەوە، لەگەڵ تەسدیقکردنی بڕوانامەکان، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نانەکەی لەگەڵ ئاوارەکاندا بەش کردووە"











باسنيوز
Top