قاسم شەشۆ: پەکەکە لە شنگال نەکشێتەوە تورکیا دەستێوەردان دەکات

 قاسم شەشۆ: پەکەکە لە شنگال نەکشێتەوە تورکیا دەستێوەردان دەکات
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال ئاشکرای کرد، ئەگەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چیای شنگال نەکشێنەوە، مەترسی هەیە تورکیا هێرش بکات و ناوچەکە بۆ گۆڕەپانی شەڕ بگۆڕێت.

قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، ئاشکرای کرد، گەریلاکانی پەکەکە ڕۆڵێکی نەرێنی لە چیای شنگال دەگێڕن کە ناوچەکەیان ڕووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە. گوتیشی: ”مانەوەی پەکەکە لە چیای شنگال، دەبێتە هۆی دەستێوەردانی تورکی و گۆڕینی ناوچەکە بۆ گۆڕەپانی شەڕ“.

شەشۆ لە لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) جەختی لەوە کردووەتەوە کە زۆرینەی ئێزدییەکان داوای دەرچوونی پەکەکە لە چیای شنگال دەکەن، جگە لەوەی “پەکەکە سەربازگە دادەمەزرێنێت و دەیان منداڵی ئێزدی لە هەردوو ڕەگەز، دەکاتە چەکدار کە ئەوەش لادانە لە یاسا مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان”.

دووپاتیشی کردووەتەوە کە پەکەکە نەهامەتییەکانی کوردانی ئێزدی و خەڵکی شنگالی بۆ “بەرژەوەندییە تەسکەکانی” قۆستووەتەوە.












باسنيوز
Top