دەمیرتاش: هەڵوێستی بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر ئەرێنی بوو

 دەمیرتاش: هەڵوێستی بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر ئەرێنی بوو
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چاوپێکەوتنێکدا باسی دوایین سەردانی بۆ کوردستانی باشوور دەکات و رایدەگەیەنێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە دەستپێشخەریی ئەوانی روانیوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی ھەدەپە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (سیاسەتی ئازادی نوێ)ی تورکی رایگەیاندووە، کە سەردانەکەی بۆ کوردستانی باشوور ”زۆر سەرکەوتوو“ بووە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هەروەها رایگەیاندووە، کە لە سەدانەکەیدا، بە جددی هەوڵی دا حزبە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور لێک نزیک بکاتەوە، بەڵام ”دواجار خۆیان بڕیار دەدەن چۆن و بە چی ئالیەتێک دەگەنە رێککەوتن و لەو رووەوە ھەدەپە دەست لە کاروباری ئەوان وەرنادات“.

هاوسەرۆکی هەدەپە باسی هەڵوێستی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کردووە بەرامبەر ئەو هەوڵانە و گوتویەتی، ”بەڕێز بارزانی زۆر بە گەرمییەوە پێشوازی لە دانوستاندن و دیالۆگ کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان“.

هەروەک سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاندووە، بارزانی بە شاندی هەدەپەی راگەیاندووە، کە ھەرچییەکی لە دەست بێت و ھەر کارێک بە ئەو بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی حزبە سیاسییەکانی کوردستان، ئامادەیە ئەنجامی بدات.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی ئەوەی داواکاریی لایەنەکانی گەیاندووەتە مەسعود بارزانی، بۆیە دوو جار سەردانی ئەوی کردووە و ”خۆشبەختانە ھەڵوێستی بارزانی زۆر ئەرێنی بوو لەو رووەوە".

هاوسەرۆکی هەدەپە هەروەها سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، کە ”بایەخی زۆری پێداین“، کە جێی خۆشحاڵی شاندەکەی هەدەپە بووە.

رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوول، سەڵاحەدین دەمیرتاش و شاندە یاوەرەکەی، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلوولی 2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حزبەکەی، گەیشتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

هاوسەرۆکی هەدەپە دوای گەیشتنی بە شاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ کوردستانی باشوور، باشترکردنی پەیوەندیی پارتەکانی کوردستان و دروستکردنی یەکڕیزیی حزبە کوردییەکانە.












باسنيوز
Top