زانایانی ئیسلامی: پێشمەرگە جیهاد لە دژی داعش دەکات
ئەو زانا ئیسلامییانە، کە رۆژی یەکشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2016 بە سەرۆکایەتیی وەیسی سەعید، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران و بەبۆنەی سەری ساڵی کۆچییەوە سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد، شەڕی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش بە جیهاد و بەرگریکردن لە خاک و دینی گەلی کوردستان وەسف کرد.
زاناکان تیشکیان خستە سەر ئازایەتی و قارەمانێتیی پێشمەرگە، کە بوونەتە مایەی شانازی بۆ ھەموو لایەک و لە جیاتی ھەموو مرۆڤایەتیی شەری دڕندەترین گرووپی تیرۆریستیی داعش دەکەن.
مامۆستا ئاینییەکان پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییانیان لە هێزەکانی پیشمەرگە بە ”ئەرکی ئایینیی و نەتەوەیی“ داناوە.
دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد و هێزەکانی پێشمەرگە ئازایانە بەرگرییا لە خاکی کوردستان کرد و وێڕای رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، شکستیان بە رێکخراوەکە هێناوە.
باسنيوز
