پلانی ئازادکردنەوەی مووسڵ ڕادەستی عەبادی کرا

 پلانی ئازادکردنەوەی مووسڵ ڕادەستی عەبادی کرا
وەزارەتی بەرگریی عێراق، پلانی ئازادکردنەوەی مووسڵی ڕادەستی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارییەکانی عێراق کرد.



ئەمڕۆ یەکشەممە (2\10\2016)، فەریق محەمەد عەسکەری، ڕاوێژکار لە وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕای گەیاندووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، تەواوی پلانی ئازادکردنەوەی مووسڵی ڕادەستی عەبادی کردووە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بۆ ئەوەی بە خێرایی کاتێک بۆ دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنەکان دیاری بکرێت، پلانەکەیان داوەتە عەبادی و تێیدا سەرجەم لایەنە سەربازی، سیاسی، هەواڵگری و لایەنی مرۆیی لەبەرچاو گیراوە.



هەر لەمبارەیەوە عەمید بەهرام دۆسکی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەعشیقە، ڕاگەیاند: دوای پێدانی پلانی ئازادکردنەوەی مووسڵ، قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات کە ئەویش دیاری کردنی ڕۆژێکە بۆ هێرشەکە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: “بەپێی ئەو پلانەی دراوەتە دەست عەبادی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، بە هاوبەشیی هێزە عێراقییەکان لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ".



جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان چاوەڕوانی فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، تاوەکوو سەبارەت بە ڕۆڵی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ، فەرمانیان پێ بکات.











باسنیوز
Top