کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستێکی باڵادا پێشوازی لە بارزانی دەکات
ئێوارەی دوێنێ شەممە 1\10\2016، هەواڵی ماڵپەڕێکی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بڵاو کردەوە کە تێیدا ڕای گەیاندبوو، لە ڕۆژانی 12 و 13ی ئەم مانگەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکات. لە بەرامبەردا عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “کاتی سەردانەکەی بارزانی بۆ ئێران دیاریکراو نییە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو سەردانە ئەنجام دەدرێت، چونکە لە بەرنامە دانراوە”.
ئاکرەیی جەختی لەوە کردەوە کە بە گشتی، سەردانەکەی بارزانی بۆ ئێران، گرنگە، چونکە: “بارزانی لە ساڵی 2009 دوایین سەردانی بۆ ئێران ئەنجام داوە، بۆیە دەبووایە زووتر ئەم سەردانە ئەنجام بدرێت، بەڵام دیارە کاتەکەی گونجاو نەبووە”. ڕوونیشی کردەوە کە ئێران دراوسێی هەرێمی کوردستانە و پەیوەندیی ستراتیژییان لە نێواندا هەیە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئەوەشی ئاشکرا کرد: “دەچێتە پەرلەمانی ئێران و لەگەڵ فیدراسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی ئێران کۆدەبێتەوە". دووپاتیشی کردەوە: “لە ئاستێکی زۆر باڵادا ئێران پێشوازی لە بارزانی دەکات”.
باسنیوز
