ئەرمەن داوای کورسییەکی کۆتای پەرلەمانیی لە بەغدا دەکەن
یەروانت نیسان مارکۆس بوترس، پەرلەمانتاری لیستی کۆتای ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە شاندێکی ئەرمەنی بە سەرۆکایەتیین ئافاک ئاسادۆریان، مەترانی ئەرمەنی لە عێراق لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان کۆ بووەتەوە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە ئەرمەنە، شاندەکەی ئەرمەنەکان داوای لە عەمار حەکیم کردووە لە کارتی نیشتیمانی ئاماژە بە ئەرمەن بکرێ، ”ناسنامەی نەتەوەیمان لەسەر کارتی نیشتیمانی هەبێت“.
یەروانت نیسان مارکۆس هەروەها رایگەیاندووە، کە شاندە ئەرمەنییەکە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ تەرخانکردنی کۆرسییەکی کۆتای پەرلەمانی بۆ ئەرمەنەکان، هاوشێوەی پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییەکانی دیکەی عێراق.
بەهۆی باوەڕی شۆڕشەکانی گەلی کوردستان بە ئازادی و مافی ئایین و نەتەوەکانی دیکە، دوای هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992، 11 کورسی لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمان، بۆ کۆتای مەسیحییەکان، تورکمان و ئەرمەن تەرخان کراوە.
باسنیوز
