ئاساییشی پەیەدە، ژمارەیەك ئەندام و لایەنگری دیكەی ئەنەكەسەی دەستگیر كرد

 ئاساییشی پەیەدە، ژمارەیەك ئەندام و لایەنگری دیكەی ئەنەكەسەی دەستگیر كرد
ئاساییشی پەیەدە بەردەوامە لە دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی ئەندام و لایەنگرانی ئەنەكەسە و، سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریایش دەڵێ، پەیەدە رازی نییە هیچ حزبێكی دیكە بچێتەوە رۆژئاوا و خەباتی خۆی بكات، هەروەها ئاشكرای كرد، رۆژ بە ڕۆژ ژمارەی دەستگیركراوەكان لە زیادبووندایە.

(نووری بریمۆ) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، رایگەیاند: "ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی سووریا بەردەوامە لە هەڵوێستە مەدەنییەكانیان لە هەمبەر دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی خۆی لەلایەن ئاساییشی پەیەدەوە لە رۆژئاوای كوردستان، دوێنێیش لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان خۆپێشاندانێك دژی سیاسەتی پەیەدە بەڕێوە چووە، بەڵام ئاساییشی پەیەدە ژمارەیەك ئەندام و چالاكوانی مەدەنی دەستگیر كردووە، رۆژانەیش دەستگیركردنی خەڵكی سڤیل و ئەندام و لایەنگرانی ئێمە بەردەوامی هەیە و هەڵمەتێكی رەشەكوژی دژ بە پارتەكانی رۆژئاوای كوردستان دەستی پێ كردووە".

ئەو سەركردەیەی رۆژئاوای كوردستان ئەوەیشی خستە ڕوو: "تا پەیەدە لەسەر سیاسەتی دەستگیركردن و راوەدوونانی خەڵكی ئێمە بەردەوام بێت، چالاكییەكانی ئێمە ناوەستن، چونكە ژمارەی دەستگیركراوەكان رۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە، پەیەدە چەند حزبێكی بچووكی لە دەوری خۆی كۆ كردووەتەوە و رێگە بە هیچ لایەنێكی دیكە نادات نە هاوبەشی دەستەڵات بێت لە رۆژئاوای كوردستان و نە ئۆپۆزسیۆنیش بێت، هیچ دەرگایەكی نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنەكان لێوەی بچنە رۆژئاوا كوردستان".

لەبارەی هەڵوێستی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئازادكردنی ئەندام و لایەنگرانی ئەنەكەسە، (بریمۆ) گوتی: "سێ لایەن لە سووریا ناوچەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە و پەیەدە و حزبوڵڵای لوبنانی و داعش لەنێو سووریا فەوزایەكیان دروست كردووە، پێگیری بە هیچ رێككەوتن و لایەنێكی نێودەڵەتی ناكەن، ئەوەتا ئاگربەست راگەیاندراوە و رووسیا لە بەیانییەوە حەلەب بوردوومان دەكات، كەواتە ئەوان نە ددان بە كەسدا دەنێن، نە گوێ بۆ لایەنە نێودەڵەتییەكانیش دەگرن".














KDP
Top