کوردستان پزیشکانی بێسنوور نەخۆشخانەیەکی بێ بەرامبەری لە کۆبانێ کردەوە

کوردستان پزیشکانی بێسنوور نەخۆشخانەیەکی بێ بەرامبەری لە کۆبانێ کردەوە
لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، یەکەم نەخۆشخانە، کە بێ بەرامبەر خزمەت دەکات، لەلایەن رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور کرایەوە.

لە نەخۆشخانەکەدا هەموو بەشەکان چالاکن و خزمەتگوزاری تەندرووستی پێشکەش دەکەن، تەنیا بەشی ژنان نەبێت.

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە دەڵێت: نەخۆشخانەكە خزمەتێکی زۆری خەڵکی دەکات، لەبەرئەوەی پێشتر نەخۆشخانەیەکی سەربازی و تایبەت هەبوون، بەڵام لەئاست پێداویستی شارەکەدا نەبوون.

ئەو نەخۆشخانە بەبێ بەرامبەر کاردەکات و 24 کاژێر پێشوازی لە نەخۆشەکان دەکات و 2 ژووری نەشتەرگەریشی تێدایە.

د. دڵخواز عەتۆ، بەڕێوەبەری فریاکەوتن لە نەخۆشخانەكە دەڵێت "ئەو نەخۆشخانە نوێیەمان کردووەتەوە و هەموو بەشەکانی لەنێو خۆیدایە. بەشی منداڵان و نەشتەرگەری هەیە، هەروەها دوو ژووری نەشتەرگەری هەن بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێرەوە سوودیان لێ نابینین، ئەمە یەکەم نەخۆشخانەیە کە بێبەرامبەر خزمەت دەکات، پێش ئەمە هیچ نەبوو، نەخۆشخانەیەکی تایبەت و یەکێکی سەربازی هەبوو، بەڵام ئەم نەخۆشخانەیە زۆر خزمەتی گەل دەکات".

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور هەموو پێداویستییەکانی بۆ نەخۆشخانەکە دابینکردووە، بەڵام لە نەخۆشخانەکەدا بەشی ژنان نییە.

د. عەلی مەلا عیسا، بەڕێوەبەری بەشەکانی نەخۆشخانەكە دەڵێ "هەموو پێداویستییەکانی تۆڕ و قەستەرەی تێدایە، هەموو پێداویستییەکانمان هەیە و خزمەتی هاونیشتمانیانی خۆمان دەکەین".

بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەکە تەواوە و ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە منداڵان، دەرمان بەبێ بەرامبەر دەدرێتە نەخۆشەکان.

د. ئۆرهان جەمۆ، پسپۆڕی سڕکردن دەڵێت "بەشی منداڵان ئامادەیە و هەموو شتێکی تێدایە. ئێمە پێشوازی لە منداڵان دەکەین و هەموو پزیشک و کەرەستە و دەرمانەکانمان لە نەخۆشخانە هەن".
rudaw -
Top