پانۆڕامای كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی

   	 	 پانۆڕامای كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی شاندێكی باڵای سیاسیی هەرێم، له‌گه‌ڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، كوتلە سیاسییەكانی پارلەمانی عێراقك، كوتلەی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراقی، ساڵح موتڵه‌گ و سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتیمانیدا كۆ بووه‌وە. له‌ كۆی كۆبوونه‌وه‌كاندا، دیالۆگ و بره‌ودان به‌ پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا جه‌ختی لێ كرایه‌وه‌ و سه‌ردانه‌كه‌ به‌ گرینگ وه‌سف كرا.



دوێنێ پێنجشەممە 29ـی 9ـی 2016، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی شاندێكی باڵای سیاسیی هەرێم، كە پێكهاتبوو لە كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێم و مەلابەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و د. ڕۆژ نووری شاوێس ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین سكرتێری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و محەممەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكانی عێراق و سەرۆك و ئەندامانی هاوپەیمانێتی نیشتیمانیی شیعە كۆ بووه‌وە.

یەكەمین وێستگەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری، ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادیی سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیرانی حكوومەتی عێراقی بوو.

لەم دیدارەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای بەخێرهێنانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری، باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنە سەربازییەكانی هێزە عێراقییەكان و ئامادەكاری بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرد.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە ئەولەویەتی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا كردەوە كە تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنی شاری مووسڵە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە ئاستی هەماهەنگی و ڕێككەوتنی سەربازیی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئامادەكاری بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر تەحەدیاتی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا كە خۆی لە شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری و مەسەلەی ئاوارەكان و دووبارە ئاوەدانكردنەوە دەبینێتەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو هەوڵێك بۆ هاوكاری و كاری هاوبەشی نێوان هەردوولا بخرێتەگەڕ.

هەر لەم دانیشتنەدا جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن لەنێوان هەرێم و بەغدا كرایەوە.

لەدوای ئەم كۆبوونەوەیە كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیی لە نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكوەزیرانی عێراقی بەڕێوە چوو و، تێیدا بیروڕا لەبارەی چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكان و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەماهەنگیی نێوانیان ئاڵوگۆڕ كرا.

لەدوای كۆبوونەوەكە نیوەڕۆخوانێك لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی و شاندی باڵای هەرێمی كوردستان لە لایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێك خرا و، تێیدا ژمارەیەكی زۆری وەزیر و كەسایەتیی سیاسی و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان عێراق ئامادە بوون.

لەدوای نیوەڕۆخوانەكە سەرۆك بارزانی و سەرۆكوەزیرانی عێراقی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و ئامانجی سەردانی شاندی هەرێمیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن شی كردەوە
PDK-
Top