راگه‌یه‌ندراوی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو له‌ باره‌ی سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێم بۆ به‌غدا

راگه‌یه‌ندراوی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو له‌ باره‌ی سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێم بۆ به‌غدا
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، باس له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان, ده‌كات به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌كان به‌ چڕ و پڕ و سه‌ركه‌وتوو وه‌سف ده‌كات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی، سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی، هاتووه‌: " له‌ كۆبوونه‌وه‌كان ئاماژە بە مافی رەوای گەلی كوردستان كرا لەشەراكەتی حوكمرانی عێراقی فیدراڵی و مافی فیدراڵی.. ئەگەرنا هەرێم ناچاری پەنابردن بۆ رێگە چارەی دەستوری تر دەبات".

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، دوای چه‌ند ساڵێك دابڕان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كان، جارێكی دیكه‌ پەیوەندیيەكانی هەرێم و بەغدا كەوتنەوە سەر سككەی سرووشتی خۆی و بەهیوای كۆتاییهێنان بە گشت گرفتەكانی مووچە و بودجە و بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم و ئەگەرەكانی داهاتووی پاش داعش.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیاندراوێك لە نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ..

نیوەرۆی رۆژی پێنج شەممە 29/9/2016 شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەرێز مەسعود بارزانی سەردانی شاری بەغدایان كرد..

لەیەكەم كۆبوونەوەدا لەگەڵ دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵی و باسیان لە گرنگترین كێشەكانی نێوانی هەرێم و بەغدا و تەحەدیی و ئەولەویاتەكانی ئەم قۆناغە كرد و بەڵێنی كۆتایی هێنان بە دابڕان و دەستپێكردنەوەی دایەلۆگ و گفتوگۆیان بەیەكتردا و بریاری پێك هێنانی لێژنەیەكی پسپۆری هاوبەش درا و لە نزیكترین كاتدا دەستبەكار ببێ.. جگە لەم كۆبوونەوەیەی كە بەشێكی تایبەت بوو بە ئامادەكاری و گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆرانی سەربازی لەسەر پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ ..

لەسەردانەكەدا زنجیرە كۆبوونەوەیەك بەجیا ئەنجامدرا لەگەڵ شاندی هەریەك لە حزبە سیاسیەكانی (حزبی دەعوە) و (بزوتنەوەی ویفاقی نیشتیمانی) و (رەوتی صەدری) و (بەرەی دیالۆگی نیشتمان)ی تەوەری كۆبوونەوەكان بریتی بوو لە گرنگی ئەم سەردانە و زەرورەتی چارەسەری كێشەكان بەحیوار و لێك تێگەیشتن ..

هەروەها ئاماژە بە مافی رەوای گەلی كوردستان كرا لەشەراكەتی حوكمرانی عێراقی فیدراڵی و مافی فیدراڵی .. ئەگەرنا هەرێم ناچاری پەنابردن بۆ رێگە چارەی دەستوری تر دەبات..

پاشان شاندەكە سەردانی سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر فوئاد مەعسوم یان كرد و خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی ئەو شاندەی دەربڕی و بەڵێنی پشتگیری دا..

لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا شاندەكە سەردانی بەرێز سەید عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی كرد و لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا و بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانی نیشتیمانی . زۆربەی بابەتە بایەخدارەكانی قۆناغەكە باسی لێوەكرا و بریاری بەردەوامی ئەم سەردان و دیدارانە درا..

شایانی باسە سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستان سەردانێكی چر و پرو ئیجابی بوو. پاش دابران و لێكترازانێكی چەند ساڵی. پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا كەوتەوە سەر سككەی سروشتی خۆی و بەهیوای كۆتایی هێنان بە گشت گرفتەكانی موچە و بودجە و بژێوی هاوڵاتیانی هەرێم و ئەگەرەكانی داهاتووی پاش داعش ..

هەروها بەشداری ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە شاندەكەدا كاریگەری خۆی هەبوو و لە زۆربەی كۆبوونەوەكاندا بە موداخەلە و وتەكانی دڵنیایی زۆرتری دەدا بە پرۆسەی ئاشتەوایی و لێك حاڵیبوونەكان .. بەهیوای جێبەجێكردنی بەڵێنەكان ...
k24-
Top