پەیوەندییەکانی نێوان چین و کوردستان بەهێز دەکرێت
دوێنێ ئێوارە 29\9\2016 لەشاری هەولێر، یادی دامەزراندنی کۆماری چین کرایەوە، لە یادەکەدا کە بەئامادەبوونی چەندین کەسایەتی حکوومی و حزبی لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوە چوو، تان بانگین، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: “ئێمە خوازیارین پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێز ببێت، پەیوەندییەکانمان، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو زۆر باش بووە، بەتایبەتی دروستبوونی هەماهەنگی و پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان هەردوولا کە گرنگە ئەم پەیوەندییە بەردەوامی هەبێت تا سێکتەرەکانی دیکەش بگرێتەوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئێمە دەمانەوێت دەستی خێر و برایەتی بۆ وڵاتانی جیهان درێژ بکەین، هەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی گرنگ دەتوانێت ڕۆلێکی گرنگ ببینێت، لە کاتێکدا ئێمە هیوای ئاشتی و برایەتی بۆ کوردستان دەخوازین، هیوادەخوازین پەویەندی باشی ئێمە و کوردستان فراوانتر بکرێت".
لەو یادەدا کە مهسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئهنجومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان و بەرپرسانی دیکەی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تێیدا ئامادە بوون، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز)، سوپاسی وڵاتی چینی کرد، بەوەی لەماوەی رابردوو هەماهەنگ و هاوکارێکی باشی هەرێمی کوردستان بووە، بەتایبەتی لەدوای بڕیاردان لە کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان کە ئەوەش نیشانەی بایەخی ئەو وڵاتەیە بە هەرێمی کوردستان.
فەلاح مستەفا ئەوەشی دووپات کردەوە: “دەمانەوێت پەیوەندی و هەماهەنگییەکی باشیمان لە نێواندا هەبێت، بەتایبەتی داوا لە کۆماری چین دەکەین کە هانی کۆمپانیاکانی بدات، لە هەرێمی کوردستان کار بکەن و ئەو پەیوەندییە بازرگانییەمان بەردەوامی هەبێت".
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کە ئامادەبووی یادەکە بوو، ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، پەیوەندیی دیپلۆماسی بەهێزی دروست کردووە، هەر لەچەند ساڵی رابردوو نوێنەرایەتی چەندین وڵات لە هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، کە ئەوەش نیشانەی بایەخی ئەو وڵاتانەیە بە هەرێمی کوردستان، گوتی: "کۆماری چین ئێستا لە ئاستی بازرگانی بازاڕێکی زۆر جیهانی گرتوەتەوە بۆیە هەبوونی پەیوەندی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان کۆماری چین زۆر گرنگە چونکە هەردوولامان دەتوانین سود لە یەکتری وەربگرین ئێمە لە کوردستان چەندین بازرگان و سەرمایەدارمان هەیە کە لە وڵاتی چینەوە هەماهەنگی بازرگانیان دروست کردووە کە دەکرێت ئەم پەیوەنیانە فراوانبکرێت بۆ ئاستی بەرزتر ".
عەبدول قادر بازرگان، سەرۆکی حزبی پێشکەوتووی تورکمان، ئامادەبووی یادەکە، رایگەیاند: “ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چین دروست بووە ناکرێت بەکەم تەماشابکرێت چونکە ئەوەی ئێستا دەبینرێت چین وەک دەوڵەتێک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، کردنەوەی کونسوڵخانەی چین لە کوردستان مانای ئەوەیە کە ئەو وڵاتە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت گوتی: "پەیوەندی بازرگانی لەنێوان چین و هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوو زۆر زۆر لە ئاستێکی باش بووە، چونکە خەڵکانێک زۆر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ مەبەستی بارزگانی ڕوویان لە وڵاتی چین کردووە و هەماهەنگی باش هەبووە بۆ کاڵای ئەو وڵاتە لە کوردستان کە بتوانرێت سود لەبازرگانی یەکتری وەربگیرێت، بۆیە گرنگە ئەم پەیوەندیە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی دیپلۆماسی و فەرماهەنگی و کلتووری کە دواتر وادەکات هەردوولامان لەبایەخ و گرنگی یەکتری تێبگەین".
باسنیوز
