وەزیری بەرگری تورکیا: بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین پەیەدە هەرێم دروست بکا
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی توركیا لەسەر سنووری سوریا لە سەردانێكی مەیدانییدا دووپاتی كردەوە هەرگیز ڕێگە نادەن پەیەدە هەرێم دابمەزرێنن و جوگرافیای ناوچەكە بگۆڕن.
فیکری ئشک وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند بەداخەوە تا ئەمڕۆ ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی دەکرد جگە لە پەیەدە هیچ ئەکتەرێکی تر نییە، بەڵام ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات سەلماندی لەکاتی پشتگیری تەواودا سوپای سووریای ئازاد توانای سەرکەوتنی بەرچاوی هەیە کە بتوانێ پارێزگاری لە خاکیان بکەن و ناوچەکە لە داعش پاک بکەنەوە.
گوتیشی "لە هەموو هەلێکدا بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ترمان دەڵێین کە هەرگیز تورکیا رێگە نادات پەیەدە دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت. لەم بارەیەوە ئەمریکاش دەبێت رێوشوێنی هەستیار بگرێتە بەر. ئێمە بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین پەکەکە/پەیەدە هەرێمێک دروست بکا".
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری بەرگریی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی هێزی وشکانی تورکیا ساڵح زەکی چۆلاک لەسەر ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، بە هەلیکۆپتەرێک بەرەو ناوچەی بنکەی سۆیلو بەڕێکەوت لە عەنتاب کە بنکەیەکی سەربازیی ناوچەکەیە.
ئشک لە سەر سنووری سووریا چاودێری رەوشی سنوورەکەی دەکرد و دواتر لێدوانی بۆ پەیامنێران دا.
ئشک ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەردەوامی هەیە و سوپای سووریای ئازاد لەناو خاکی خۆیاندا جموجۆڵیان دەست پێکردووە و هێزە چەکدارەکانی تورکیا پشتگیری لۆجیستی سوپای سووریای ئازاد دەدات بۆ پێشرەوییەکانیان.
ئشک ئاماژەی بە هەوڵەکان دا لەبارەی هەڵچنینی دیواری ئەمنی بەدرێژایی سنووری سووریا و ئاشکرای کرد هەوڵەکان بە خێرایی بەڕێوەدەچن و ٢٤٧ کیلۆمەتری لێ تەواو کراوە و گوتی: "ئێستا کارەکانمان بەردەوامن، ئامانجمانە ٩١١ کم بە درێژایی سنوورەکانمان بەشێوەیەکی سیستەمی ئەمنی بپارێزین و دایبخەین کە هاوکات ٨٠ کیلۆمەتری رووباڕو چەم و دۆڵە. بەمەش رێگری لە پەڕینەوەی قاچاخ و تیرۆریستان دەکەین. لە سەرەتای بەهاری ساڵی داهاتووماندا بەتەواوی سنووری سووریا دادەخەین.
Bas News-
