ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق: گفتوگۆکان لەبارەی قەیرانی دارایی بەردەوامی دەبێت

 ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق: گفتوگۆکان لەبارەی قەیرانی دارایی بەردەوامی دەبێت
ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق، ئاماژە بەوە دەدات كە هەوڵی جددی هەیە بۆ ئەوەی كێشە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق چارەسەر بكرێت، لە قۆناغی یەكەمیش دوو بابەت لە نێوان هەردوولا ڕێككەوتنی لەسەر كرا.

د.عەبدوڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، ڕایگەیاند: "تاكە ڕێگە چارەسەری نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، گفتوگۆ و لێگەیشتنە، ناكرێت ئەم پەیوەندییە بەم شێوەی ئێستا بەردەوامی هەبێت، چونكە كاریگەری لەسەر داهاتووی عێراق و شەڕی مووسڵ و ئایندەی ناوچەكە دەكات، هوادارین ئەم جارە بگەنە ڕێككەوتن".

ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "لەسەر پرسی قەیرانی دارایی، گفتوگۆ بەردەوامی دەبێت، چونكە دەبێت ئالیەتی پێویست لەوبارەیەوە دابنرێت، پێویستی بە لێژنە و حساباتی ورد هەیە، دواتر هەندێك لەو پرسانە جێدەهێڵدرێن بۆ لێژنەی هونەری كە دواتر لەنێوان هەردوولا بەردەوامی دەبێت".

عەلیاوەیی، گوتیشی: "ئەوەی لەم سەردانە یەكلاكرایەوە ئازادكردنەوەی مووسڵ و بەشداری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەورەها دووەم پرسیش پەیوەندی هەرێمی كوردستان و بەغدا بوو، ئەویش تاڕادەیەك باش چووەتە پێشەوە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە".





باسنیوز
Top