ئەنجومەنی وەزیران وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 8ی دیاری کرد

 ئەنجومەنی وەزیران وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 8ی دیاری کرد
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی خۆیدا، بڕیاری لەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەست کەوتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک بڕیار دەرکراوە کە یەکێک لەو بڕیارانە، دابەشکردنی مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. گوتیشی: ”لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، بڕیار لەسەر داواکارییەکی وەزارەتی پەروەردە بۆ خەرجکردنی بڕێک پارە بۆ مامۆستایان دراوە و گفتوگۆش لەبارەی کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کراوە. گوتیشی: ”بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیاندراو بڵاو دەکاتەوە، هیچ قسەیەک لەبارەی بڕیارەکانی دیکە ناکەم“.

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لەناو وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی تاوەکوو ئێستا لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە نەنێردراوەتە وەزارەتی دارایی و وردبینی تێدا نەکراوە، ڕەنگە دابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەتە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست پێ بکات.





باسنیوز
Top