پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا: پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ حکوومەتی عێراق تاوتوێ دەکرێت

 پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا: پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ حکوومەتی عێراق تاوتوێ دەکرێت
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوای گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم حزبەکانی کوردستان دەکرێت.

د. تاریق گەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ڕایگەیاند: “بەشێک لە ئامانجی سەردانەکەی هەرێمی کوردستان، ئایندەی ئەو گرێبەستەیە لەنێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هاتووە کە ئایا چەند دەتوانین بەشێوەیەکی دەستووری ئەم گرێبەستە ببەینە سەر، چەند دەتوانین دراوسێی باش و هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەڵ یەکتری”. جەختیشی لەوە کردەوە: “بەتایبەتی ئەمڕۆ چارەنووسی عێراق و هەرێمی کوردستان لە لێواری چارەنووسازدایە، ئازادکردنەوەی مووسڵ، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و تورکیا، لەهەمان کاتدا پرسی پەیوەندیی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی یاسایی لەو بارەوە”.

تاریق گەردی ئەوەی نەشاردەوە کە لەم سەردانەدا: “بە ئاشکرا باسی چارەنووسی هەرێمی کوردستان و ئایندەی کوردستان دەکرێت، پێشووتر لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، باسی پرسی ڕیفراندۆم کراوە، بەڵام ئەم جارە بە قووڵتر باس دەکرێت، لەوە دەچێت ئەم جارە هەموو سەرۆک حزبەکان بەشدارییان نەکردبێت، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە، دانیشتنی دیکە دەبێت، بە بەشداری حزبە کوردستانییەکانیش".

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە دوای گەڕانەوەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بارزانی کۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات.





باسنیوز
Top