ئەندامانی شاندەكەی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا
ئەندامانەكەی شاندەكەی باڵاكەی هەرێمی كوردستان:
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە ئێستا سەرۆکایەتی کابینەی هەشتەم دەکات. بارزانی بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش دەبینرێ و بەردەوام لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەسەر هێڵە و کاریگەرترین کەسایەتی کوردستانە.
کۆسرەت رەسوڵ:
کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، كە هاوکات جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کۆسرەت رەسوڵ فەرماندەیەکی سەربازیشە و لە جەنگی دژی داعشدا رۆڵی بەرچاوی بینووە. پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ سەرکردە و هۆزە عێراقییەکان.
سەلاحەدین بەهائەدین:
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی گەورەترین حیزبی ئیسلامییە لە کوردستان. لە سەرەتای جەنگی عێراق بە یەکێک لە 25 سیاسیە عێراقییەکان دیاریکرا بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنی حوکم. پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ حیزبە عێراقییەکان بەتایبەتی حیزبی ئیسلامی عێراقی، کە ئێستا پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیان لایە.
فوئاد حوسێن:
فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. د. فوئاد هەفتەی رابردوو بەشداری كۆبوونەوەكانی عەبادی كرد لەگەڵ ئۆباما لە نیویۆرك.
مەلا بەختیار:
مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەم دوایەدا چەند جارێک عەبادی و مالیکی دیووە. سەرپەرشتی تەنفیزی یەکێتی نیشتیمانی دەکات و نزیکە لە بنەماڵەی تاڵەبانییەوە.
د. رۆژ نووری شاوێس:
د. رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو. بە یەکێک لەو کەسانە دادنرێ کە رۆڵی دیووە لە ئابووری عێراق و نوێنەرایەتی ئەو وڵاتەی کردووە لە کۆبوونەوە جیهانییەکان لەوانە داڤۆس.
ئازاد بەرواری:
ئازاد بەرواری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردەیەكی دیاری ئەو پارتەیە و چەندین پۆستی حیزبی و حكومەتی هەبووە.
جەعفەر شێخ مستەفا:
جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە کبە مەیدانی سەرپەرشتی بەرەکانی جەنگ دەکات و ئاگاداری پلانی پێشمەرگەیە.
محەممەد حاجی مەحموود:
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە شەڕی داعش، لە یەکێک لە شەڕەکانی کوڕێکی شەهید بوو. کاکە حەمە پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشوو.
رووداو
