کۆسرەت ڕەسوڵ: ئەولەویاتی سەردانەکەمان بۆ بەغدا مافی چارەی خۆنووسینە
ئەمڕۆ ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٦، لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی ڕۆژنامەوانی کۆسرەت ڕەسوڵ ڕایگەیاند "ئەولەویەتی سەردانی شاندە باڵاكەی هەرێمی كوردستان باسكردن دەبێ لە مافی چارەی خۆنووسینی خەڵكی كوردستان و رەخساندنی دەرفەت بۆ یەكڕیزی ناوماڵی كورد و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان"
هەروەها وتیشی "لەم سەردانەدا وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان گفتوگۆدەكا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداو باسكردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و چارەسەركردنی كێشەكان و دانانی نەخشەرێگایەكی گونجاو بۆ هێنانەدی ئامانج و خواستە سیاسییەكانی گەلی كورد، بەگوێرەی بەرژەوەندی و تێگەیشتنی هاوبەشی هەردوولا".
ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی بە یاوەری شاندێک کە پێکهاتووە لە فازیل میرانى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسی پارتى و ڕۆژ نورى شاوەیس، ئەندامى مەکتەبى سیاسی پارتى و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، مەلا بەختیار، بەرپرسى دەستەى کارگێڕیی مەکتەبى سیاسی یەکێتى و جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسى یەکەکانى حەفتای پێشمەرگە و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامی و محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیس دیموکراتى کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
وابڕیارە سەرۆك بارزانى و شاندەکەی لەگەڵ هەریەک لە فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆمار عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و عەمار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانى نیشتمانى شیعەکان و ئەیاد عەلاوی ئەمیندارى گشتى حزبى وفاقى نیشتمانى کۆدەبێتەوە.
