بۆ سەردانەکەی بەغدا شاندێکی باڵا یاوەریی بارزانی دەکەن
د. محەمەد ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: “بڕیارە لەگەڵ چوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان یاوەری بکات”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پرسی ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی قووتی خەڵک و بودجەی کوردستان، مووچەی هاووڵاتییان، باسی پرسی مووسڵ و دوای شەڕی مووسڵ، باسی ڕیفراندۆم و ڕازیکردنی بەغدا بۆ ڕیفراندۆم، تەوەری دیدارەکانی بارزانی لە بەغدا دەبێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە شاندەکەی بارزانی، محەمەدی حاجی مەحموود و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، وەک شاندێکی سەربازی یاوەریی بارزانی دەکەن.
بە بڕوای محەمەد ئەحمەد، بەهۆی ئەوەی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان لەسەر هێڵن، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا “زۆر گرنگە”.
هاوکات مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (کوردستان 24) ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا، هەریەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی یەکێتی، شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70 ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان دەبن.
باسنیوز
