دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی کەرکووک لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد گەیەندراوەتە داواکاری گشتی
ماڵپەڕی (عەرەبی ئەلجدید) لە زاری شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمانی کوردستانە، بڵاوی کردووەتەوە: “بەڵگە و داتاکان سەلماندوویانە کە یەکێک لە گرووپەکانی ناوچەی سەوز، نەوتی کەرکووکی فرۆشتووە، بەڵگەکان ڕادەستی داواکاری گشتی کراون، تاوەکوو لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکات و دواتریش بە بڕیاری دادگا، تێوەگلاوانی دۆسیەکە سزا بدرێن”.
شێرکۆ جەودەت ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەشێک لە نەوتی پارێزگای کەرکووک، لە ڕێگای پارێزگای سلێمانییەوە بەبێ ئاگاداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی پارێزگاری سلێمانی، “بۆ ئێران نێردراوە”. دووپاتیشی کردووەتەوە: “بەڵگەکانمان ڕادەستی داواکاری گشتی کرد”.
بەپێی قسەی سەرۆکی لێژنەکەی پەرلەمان کە لەو ماڵپەڕە عەرەبییەدا بڵاو کراوەتەوە، ڕۆژانە 3 ملیۆن دۆلار، داهاتی ئەو نەوتە “بەقاچاخبراوە”ی کەرکووکە، بەڵام: “بەقاچاخبردنەکە بە ڕەزامەندی کۆمپانیای نەوتی باکووری سەر بە حکوومەتی عێراق بووە”. باسیشی لەوە کردووە کە ڕێژەیەک لە نەوتی کەرکووک، بۆ پاڵاوگەکانی نەوت لە شاری دووکان گواستراونەتەوە، داهاتی نەوتە بەقاچاخبراوەکە و ئەوەشی دەچێتە دووکان، بۆ گرووپێکی ناوچەی سەوز دەبێت.
پێشتر ئەوە ئاشکرا ببوو کە ئەو نەوتەی لە کەرکووکەوە بۆ هەندێک لە پاڵاوگەکانی دووکان دەڕوات لە لایەک و ئەو نەوتەشی بە تانکەر بۆ ئێران دەگوازرێتەوە، داهاتەکەی بۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و هاوسەری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتییە.
باسنیوز
