پەرلەمانتارێکی پێشووتری یەکێتی: دەزگای زانیاری و یەکەی 70 ڕێککەوتنیان کردووە

 پەرلەمانتارێکی پێشووتری یەکێتی: دەزگای زانیاری و یەکەی 70 ڕێککەوتنیان کردووە
پەرلەمانتاری پێشووتری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕێککەوتنێکی نهێنیی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەکێتی و یەکەی 70ی حزبەکەی بۆ دروستنەبوونی پێکدادان لەنێوان ناوەندی بڕیار و باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاشکرا کرد.

جەمال یوسف بۆتانی، پەرلەمانتاری پێشووتری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “هەوڵێک جددی هەیە لە ناوخۆ و لە دەرەوەی یەکێتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی حزب، هەوڵەکان لەئاستی نێودەوڵەتیش هەبووە، بەڵام چاوەڕوان دەکەین هەردوولا نەرمیی زیاتریان هەبێت، چاوەڕوان دەکرێت بکەنە ڕێگاچارەیەک”.

بە بڕوای ئەو، ئەگەر هەردوو ئاراستەکەی نێو یەکێتی پێکەوە کار بکەن، دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و پێش هەموو شتێک، هەڵمەتی ڕاگەیاندن بوەستێنن، دواتر ماوەیەک دیاری بکەن کە نزیکەی 6 مانگ بێت، بۆ دیاری کردنی وادەی کۆنگرە و کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەن. گوتیشی: “زامی قووڵی یەکێتی، بابەتی دەسەڵاتە، چۆنیەتی ئیدارەدانی یەکێتییە، چونکە کێشەی یەکێتی کێشەی فکری نییە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەشی ئاشکرا کرد: "هێزی سەربازیی یەکێتی تائێستا توانیویەتی بێ لایەن بێت لە شەڕی باڵەکانی، بڕیارێکیش هەیە کە هێزی چەکدار نەبێتە لایەنگری کێشەکان، ئێستاش جۆرێک لە ڕێککەوتن کراوە لە نێوان دەزگای زانیاری و یەکەی حەفتا کە هێزی چەکداری دابەش نەبێت لە نێوان دووباڵەکە و ڕێککەوتن لەنێوان هەردوولا هەیە لەو بارەوە”.












باسنیوز
Top