ئەدهەم بارزانی سوپاسی خەڵكی هەڵەبجە دەكات
ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 28 ی ئەیلوولی 2016 لە هەڵەبجە، ڕایگەیاند: "دوێنێ خۆپیشاندانێك لە هەڵەبجەدا ئەنجام درا و ئێمە نیگەران بووین لە هەندێ دەست كەلە پشت ئەم بابەتەوە بێت و باردۆخی پارێزگای هەڵەبجەی خۆشەویست تێك بدەن، بەڵام گەورەیی و خۆڕاگریی خەڵكی هەڵەبجە و مامۆستایان و مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتییەكان و هێزە ئەمنییەكان و تەنانەت حزبەكان و كادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتیش هەموویان پێكەوە دەوری سەرەكییان هەبوو لە پاراستنی ئاشتی و ئارامیی پارێزگاكە."
ئەدهەم بارزانی گوتیشی: "دیار بوو خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە خوازیاری ئەوە نەبوون، كە ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بەرەو ئاقارێكی خراپ ببرێت، بۆیە خۆپیشاندانەكان بە شێوەیەكی ئارام ئەنجام دران، دەشڵێت: "جێگەی شانازییە بۆ هەموو لایەكمان، كە ئاستی بەرزی سیاسیی ڕۆڵەكانی ئەم پارێزگایە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، كە داخوازییەكانی خۆیان بە شێوەیەكی ئارام پێشكەش بە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن."
گوتیشی: "سوپاسی خەڵكی هۆشیار و ئاستبەرزی هەڵەبجە و لایەنە ئیداری و ئەمنییەكان و لقی12 و كادر و لایەنگران و جەماوەری پارتی دەكەم، كە هەموویان پێكەوە دەورێكی سەرەكییان هەبوو هەم لە پاراستن و ئەمنیەت و ئاسایشی خۆپیشاندەران و هەمیش لە پاراستن و ئەمنیەتی بارەگاكانی پارتی لە سنوورەكەدا."
باسنیوز
