ئیحسان عەبدولعەزیز: گۆڕینی رابەری بزوتنەوە دۆخەكە خراپتر دەكات

ئیحسان عەبدولعەزیز: گۆڕینی رابەری بزوتنەوە دۆخەكە خراپتر دەكات
ئیحسان عەلی عەبدولعەیز ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، گۆڕینی رابەری گشتی بزوتنەوە لە كۆنگرەدا "كارێكی باش نییەو دۆخەكە خراپتر دەكات" پێویستە بیر لە گۆرانكاری لە دەزگاكانی جێبەجێكردندا بكەنه‌وه‌ وەكو مەكتەبی سیاسی و شورا.

بزوتنەوەی ئیسلامیبڕیارە 28ی ئەم مانگە كۆنگرەی 11ی یەمی ببەستێت، هەرچەندە دەبوو لە 10ی مانگی (تەمموز/7)دا بوایە، بەڵام بۆ ماوەی 18 رۆژ دواخرا بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەكاریەكانەوە لەو كاتەدا.

بزوتنەوەی ئیسلامی ساڵی 2012 كۆنگرەی دەیەمی خۆی ئەنجامدا، كە تێیدا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە جێگەی مەلا سدیق عەبدولعەزیز بە رابەری گشتی هەڵبژێردرا.

لەم كۆنگرەیەشدا كە بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە ببەسترێت، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و كامیلی حاجی عەلی كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی رابەری گشتی.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی كە برای رابەری ئێستای بزوتنەوەیە لە پەیامێكدا كە لەپەڕەی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە رایگەیاند "كۆنگرە دەبێت وێستگەیەك بێت بۆ فراوانكردن، چاكسازی، دڵدانه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی تواناكان له‌پێناو كاركردن بۆ ئایندەیەكی باشتر".

وتیشی "بەداخەوە لە كۆنگرەكانی پێشوو دۆخی بزووتنەوە گۆڕانكاریی نه‌وعی تێیدا رووینه‌داوه‌و ئه‌توانم بڵێم پێشتر باشتربووە تا پاشتر!، بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ش ئه‌و تێبینییه‌م هه‌یه‌ كه‌ خەڵكێكی زۆر هەن كە موستەحەقە بەشداربێت ناوی نیەو خەڵكێكی دیكەش پێویست نیە بەشدار بێت، ناوی هەیە و نمونەش زۆرن!".

ئیحسان كە بەوتەی خۆی لە كۆنگرەی پێشوشدا دژی گۆڕینی رابەری بزوتنەوە بووە ئاماژەی بەوەشكردووە "ئێستاش كە ئەم كۆنگرە لە پێشە هه‌رچه‌ند تێبینیمان لەسەر ئەدای رابەر هه‌بێت، بەڵام گۆڕینی دۆخەكە خراپتر دەكات، بۆیه‌ پێویستە هەموولایەك بیر لە گۆرانكاری لە جێبەجێكردندا بكەنه‌وه‌ بەوەی مەكته‌ب سیاسییەكی كارا و شورایەكی كارا هەبێت وە بەرپرس مەڵەبه‌ندی چالاك و بۆ الله سوڵحاو هەبێت".

لەكۆنگرەكەدا جگە هەڵبژاردنی رابەری گشتی كە هەریەكە لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری ئێستا و كامیلی حاجی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە كاندیدن، ئەندامانی سەركردایەتی و بەپرسی مەڵبەندەكان هەڵدەبژێردرێت، دواتریش ئەندامانی سەركردایەتی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێن.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز دەڵێت "هیچ جموجوڵێكی ئیسلامی چاوه‌ڕێی ئەوە نەبێت سەركەوتووبێت ئەگەر هەموو گرفت و كێشەكان نەباتەوە بۆ قورئان و سوننەت(هەیئەی شەرعی)، هه‌یئه‌تێك كه‌ بتوانێ‌ لێپێچینەوە بكات لە رابەرەوە تا دوا ئەندام و لەسەروو هەموو لایه‌كەوە بێت" .

بزوتنەوەی ئیسلامی ئێستا 24 ئەندامی سەركردایەتی و حەوت ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوە، هەموو ئەندامانی سەركردایەتی كۆن و ئێستا و مەكتەبی سیاسی، هەروەها بەرپرسی مەڵبەند و مەكتەبەكان و بەرپرسی هێزەكانی پێشتر و ئێستا و لقی خوشكان و خوێندكاران راستەوخۆ دەبنە ئەندامی كۆنگرە.

بڕیارە كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لەهۆڵی كۆردۆنیا لە شاری سلێمانی ئەنجامبدرێت، بەبەشداری 370 ئەندام كە 56 كەسیش لەوان كێبڕكێدەكەن بۆ ئەندامێتی شورا.

پێشتر كامیلی حاجی عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی بەخەندانی راگەیاندبوو "تائێستا تەنها من و رابەری ئێستا، بۆ پۆستی رابەری گشتی كاندیدین و كەسی دیكە بریاری خۆپاڵاوتنی نەداوە".

وتیشی "تائیستا لە هیچ لایەكەوە داوا لە من نەكراوە بۆ ئەوەی لە خۆكاندیدكردنم بكشێمەوە، هەموو كۆنگرەیەك دەبێت پێداچونەوەی بە كاری ماوەی پێشوتردا بكرێت، لەم كۆنگرەیەشدا دەبێت پێداچونەوە بكرێت بەكارەكانی پێشوتری بزوتنەوە".

بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ساڵی 1987 بەسەركردایەتی عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران راگەیاندرا و یەكەم حیزبی سیاسی ئیسلامی چەكدارە كە لە كوردستانی عێراق دامەزراوە، لەساڵی 1999 لەگەڵ بزووتنەوەی راپەڕین یەكیانگرتووەتەوە كە مەلا سدیق سەركردایەتی دەكرد و بزووتنەوەی یەكبوونیان راگەیاند، ئەو یەكگرتنە زۆری نەخایاند‌و لەساڵی 2001 كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و ئەنسارولئیسلام لەبزوتنەوە جیابونەوە.
Top