پاسەوانێکی وەزیری پەروەردە کوژرا

 پاسەوانێکی وەزیری پەروەردە کوژرا
دوای 10 رۆژ لە ونبوونی، پاسەوانێکی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکوژراوی لە شارەدێی کەسنەزانی هەولێر دۆزرایەوە.

رۆژی سێشەممە 26-7-2016 تەرمی کەسێک بەناوی (دڵشاد مەحموود) لە شارەدێی کەسنەزان دەدۆزرێتەوە، ئەو کەسە خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، سەرچاوەیەکی نزیک لە دڵشادیش گوتی " ئەو یەکێکە لە پاسەوانەکانی د. پشتیوان سادق".

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو کوژراوە راگەیاند "رۆژی یەکشەممە 17-7-2016 دڵشاد مەحموود، دەگەڕێتەوە ماڵەوە و لەگەڵ زاوایەکی دەبێتە دەمەقاڵێیان، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن زاواکەیەوە دەکوژرێت".

ئەو سەرچاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەشدا "لەرۆژی یەکشەممەوە کەسوکاری بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام نایدۆزنەوە، دوای 10 رۆژ لە ونبوونی لە شارەدێی کەسنەزان بەکوژراوی دۆزرایەوە".

بەپێی زانیارییەکان کە لە کەسە نزیکەکانی دڵشاد وەریگرتووە ، ئێستا بکوژی دڵشاد دەستگیرکراوە و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کرا.


رووداو-
Top