لە گەرمیان ٩٨ خاوەن پێداویستی تایبەت ھاوکاری کران
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی ھاوکاریکردنی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە ھەرێمی کوردستان، رۆژی ٢٧/٧/٢٠١٦ لە ئیدارەی گەرمیان بەھاوکاری لەگەڵ رێکخراوی LDSی ئەمەریکی خولێکی سێ کاتژمێری لەبارەی چۆنیەتی بەکارھێنانی عارەبانەی ویلچەریان بۆ سودمەندبوان کردەوەو دواتر عارەبانەیان پێشکەشی ٩٨ خاوەن پێداویستی تایبەت کرد. سەبارەت بە بەردەوامی پرۆژەی ھاوکاریکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: پرۆژەی دابینکردنی پێداویستی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەھاوکاری لەگەڵ رێکخراوی LDSی ئەمەریکی بەڕێوە دەچێت و سەرەتا خولی راھێنان بۆ ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە سوودمەند دەبن ئەویش بەمەبەستی چۆنیەتی بەکارھێنان و سودوەرگرتنیانە لەو پێداویستیانەی وەریدەگرن، دواتریش ویلچەر و کۆشینی GLY و عەکازەو رەوڕەوەی دەستی و چەندین پێداویستی دیکەیان پێشکەش دەکرێت، لەدرێژەی ھاوکارییەکانیشدا تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتنە گەرمیان و لە شارۆچکەی کەلار و شارەدێی رزگاری ویلچەریان پێشکەشی ٩٨ ئافرەت و پیاو کرد کە تاوەکو ئێستا لەلایەن ھیچ رێکخراوێکی پەیوەندیدارەوە ھاوکاری نەکراون و دەزگای خێرخوازیی بارزانی تاکە دەزگای خێرخوازیی بووە توانیویەتی ھاوکاری بگەیەنێتە خاوەن پێداویستی تایبەتی ئەو دەڤەرە. ھەروەھا گوتی: پرۆسەی دابەشکردنی ویلچەر بەسەر خاوەن پێداویستی تایبەت بەردەوامی ھەیە و خاوەن پێداویستی تایبەت لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپێی پرۆژەیەکی ھاوبەش لەگەڵ رێکخراوی LDSی ئەمەریکی، لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان کورسی ویلچەر و دارشەق بەسەر دەستەو کۆمەڵەی تایبەت بە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان دابەشکردووە و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت تاوەکو زۆربەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان سوودمەند دەبن.
