فوئاد حوسێن: تاوەكو پێویست بكات لە سلێمانی دەمێنمەوە
رۆژی چوارشەممە 27-7-2016 د.فوئاد حوسێن، بە نوێنەرایەتی بارزانی لەگەڵ محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور بەڕێوەچوو و ماوەی سێ کاژێریشی خایاند.
لەبارەی ئەنجامەكانی سەردانەكەی د. فوئاد حوسێن، محەممەد حاجی مەحموود بە رۆژنامەڤانانی گوت "باشترە وردەكارییەكان بۆ كاتێكی دیكە جێبهێڵین، بەڵام ئەو دەستپێشخەرییانە كە كراوە بۆ كاك نەوشیروان و یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش روونكراوەتەوە. كاك نەوشیروان پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكان كردووە، بەگشتی ئەوەی لە ئەنجامی ئەو كۆبوونەوانەدا پەیدابووە، مایەی دڵخۆشین".
نوێنەرەكەی بارزانی ویستوویەتی لەبارەی ناكۆكییەكانی پەیوەست بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت ، دۆزینەوەی رێگەچارەی قەیرانی دارایی و پێكهێنانی شاندێكی باڵا بۆ سەردانی بەغدا پەیامی بارزانی بگەیێنێتە هێزە سیاسییەكان.
فوئاد حوسێن رەتیكردەوە لەبارەی سەردانەكانی هیچ لێدوانێك بدات، بەڵام تەنیا ئەوەی بە رووداو گوت "كە ئینشائەڵڵا هەوڵەكانی ئەنجامی دەبێت و تاوەكو پێویستیش بكات لە سلێمانی دەمێنێتەوە".
