گوتەبێژى بزووتنەوە نێوی كاندیدەكانی پۆستی ڕابەری گشتی ئاشكرا دەكات

 گوتەبێژى بزووتنەوە نێوی كاندیدەكانی پۆستی ڕابەری گشتی ئاشكرا دەكات
بڕیارە سبەی پێنجشەممە بزووتنەوەى ئیسلامى لە شارى سلێمانى سێزدەمین کۆنگرەى خۆى ببەستێت. لەمبارەوە گوتەبێژى بزووتنەوە چەند زانیارییەك لەسەر کاندیدەکانى پۆستى ڕابەرى گشتى و ڕێوشوێنى کۆنگرەکە بۆ (باسنیوز) ئاشکرا دەکات.

عەبدوڵا وەرتێ گوتەبێژى فەرمى بزووتنەوەى ئیسلامى لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند "سبەی پێنجشەممە بزوتنەوەى ئیسلامى بە ئامادەبوونى ئەندامانى کۆنگرە و دۆست و لایەنگرانى بزووتنەوەى ئیسلامى، لە هۆڵى (کوردۆنیۆ) لە شارى سلێمانى سێزدەهەمین کۆنگرەى خۆى دەبەستێت".

گوتیشى "هەریەک لە عیرفان عەلى عەبدولعەزیز ڕابەرى ئێستەى بزووتنەوەى ئیسلامى و کامیل حاجى عەلى کێبەرکێ لەسەر وەرگرتنی پۆستى ڕابەرى گشتى دەکەن. خوشکانى بزوتنەوەش ڕۆڵێکى کارایان دەبێ لە کۆنگرەى ئەمجارەدا، چونکە لە 20%ى خوشکانى بزوتنەوە خۆیان بۆ پۆستى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کاندید کردووە".

هەروەها گوتی "بەنامەى فەرمى هەموو لایەنە سیاسیەکان و کونسوڵخانەکانمان لە بەستنى کۆنگرە ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش برووسکەى پیرۆزبایان بۆ ناردووین".

ئەوەشی ڕوون کردەوە كە لە ڕێگەى دادگاوە کۆنگرەى ئەمجارە بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک پارێزەر و حاکم چاودێرى یاسایی کۆنگرەى بزووتنەوە دەکەن.

گوتەبێژەکەى بزووتنەوە ئەو دەنگۆیانەى ڕەت کردەوە كە هیچ لایەنێکى سیاسی تەداخولى کۆنگرەى بزووتنەوە بکات. وەکو خۆى دەڵێ "بزووتنەوە سەربەخۆیە و بەسەربەخۆیى دەمێنێتەوە، کۆنگرەى سێزدەى بزووتنەوە کۆنگرەیەکى پاک و بێگەرد دەبێت، هەروەها هیچ حیزبێکى دیاریکراوى وەک یەکێتى یان پارتى تەداخولى کۆنگرە ناکەن".

ئاماژەى بەوەش کرد دەزگا ئەمنییەکانیان لە پاراستنى ڕەوشى ئەمنى ڕۆژانى کۆنگرە ئاگادار کردووەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئاسایش و پۆلیس چاودێرى وردى ئەمنى هۆڵى کۆنگرە دەکەن، هەروەها دەزگا ئەمنییەکان بەڵێنى ئەوەیان داوە بەهەموو شێوەیەک بارودۆخى ئەمنى ڕۆژانى کۆنگرە بپارێزن.


باسنیوز-
Top