فوئاد حوسێن و نەوشیروان مستەفا دووەمین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە

 فوئاد حوسێن و نەوشیروان مستەفا دووەمین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە
بۆ دووەم جار نوێنەری بارزانی، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کۆبووەوە.
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند: "ئێوارەی رۆژی سێشەممە 26-7-2016 فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ دووەم جار لە سلێمانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە گوتی:" ھەردوولا پێیان باش بووە کۆبوونەوەکە دوور لەچاوی میدیاکان بێت و لە بەر ھەستیاری دۆخەکە نەویستراوە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکرێت".

کۆبوونەوەکەی دووەمی نێوان فوئاد حوسێن و نەوشیروان مستەفا دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە 24-7-2016 بۆ یەکەمجار لە سلێمانی ھەر دوولا کۆبوونەوە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان و پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، بۆچوونی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی وەرگرتووە و دواتر بۆچوونەکانی بە بارزانی گەیاندووە و بۆ کۆبوونەوەی دووەمیش بۆچوونی بارزانی گەیاندووتە نەوشیروان مستەفا.

رۆژی چوارشەممە 27-7-2016 فوئاد حوسێن لەگەڵ محەممەدی حاجی مەحموود کۆبووەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو دەسپێشخەریانە پێشکەشی کاک نەوشیروان کراوە و ئەویش راوبۆچوونی خۆی لەوبارەوە خستووەتەڕوو، گفتوگۆکان جێگای ئومێدن و ئاسۆیەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان، فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی خۆی راسپاردووە وەک دەسپێشخەرییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 14-7-2016 فوئاد حوسێن لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە شاری ھەولێر کۆبووەوە. ھەروەھا رۆژی شەممە 16-7-2016 لەگەڵ سەلاحەدین بەھائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دوو قۆڵی لە ھەولێر کۆبوونەوە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 24-7-2016 سەرۆکی دیوانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەر یەک نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتبەی سیاسی کۆبووەوە.

رۆژی دووشەممە25-7-2016 ھەر لە سلێمانی فوئاد حوسێن لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە.

رۆژی سێشەممە 26-7-2016 سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەدھەم بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی کۆبووەوە.


تۆڕی میدیایی رووداو-
Top