نەخۆشخانەکانی هەولێر لە ئامادەباشیدان بۆ بریندارانی قامشلۆ

نەخۆشخانەکانی هەولێر لە ئامادەباشیدان بۆ بریندارانی قامشلۆ
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر دەڵێ، پاریزگای ھەولێر ھەموو ئامادەییەکی لۆجیستیک و داوودەرمان و تەواوی نەخۆشخانە و ستافە تەندروستییەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ پیشوازی لە بریندارەکانی شاری قامشلۆ، و لەخزمەت ڕاسپاردەکانی (سەرۆکی ھەرێم) دەبین بۆ ھەر فەرمانێک بۆ بەھاناوەچوون و فریادڕەسییەک.

ڕۆژی چوارشەممە (٢٧/٧/٢٠١٦) دوو تەقینەوەی گەورە قامیشلۆی هەژاند؛ یەکەمیان ئەوە بوو بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو گەڕەکی غەربییان کردە ئامانج، کە زۆربەی وەزارەتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و فەرمانگە و نووسینگەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی؛ پەیەدەی لێیە؛ پاشان کە خەڵک چوون بە هانای بریندارانەوە، بۆمبێکیش بەواندا تەقییەوە.

(ھەمزە حامید) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پاریزگای ھەولێر ڕاگەیاند: "پارێزگای ھەولێر وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەو کردە تیروریستییەی ئەم سەرلەبەیانییە شاری قامیشلۆی ڕوژئاوای کوردستان، سەدان لاشەڕ و ڕۆڵە نەبەردی گەلەکەمانی شەهید و بریندار خست، ھەموو ئامادەییەکی لۆجیستیک و داوودەرمان و تەواوی نەخۆشخانە و ستافە تەندروستییەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ پیشوازی لە بریندارەکان."


(حامید) گوتیشی: "پاریزگای ھەولێر لە خزمەت ڕاسپاردەکانی جەنابی (سەرۆکی ھەرێم)ـدا دەبین بۆ ھەر ئەرک و فەرمانێک و ڕاسپاردەیەک بۆ بەھاناوەچوون و فریادڕەسییەک بۆ شاری قامشلۆی ئازیز."


ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان
Top