گوتەبێژى بزووتنەوە نێوی كاندیدەكانی پۆستی ڕابەری گشتی ئاشكرا دەكات
عەبدوڵا وەرتێ گوتەبێژى فەرمى بزووتنەوەى ئیسلامى لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند "سبەی پێنجشەممە بزوتنەوەى ئیسلامى بە ئامادەبوونى ئەندامانى کۆنگرە و دۆست و لایەنگرانى بزووتنەوەى ئیسلامى، لە هۆڵى (کوردۆنیۆ) لە شارى سلێمانى سێزدەهەمین کۆنگرەى خۆى دەبەستێت".
گوتیشى "هەریەک لە عیرفان عەلى عەبدولعەزیز ڕابەرى ئێستەى بزووتنەوەى ئیسلامى و کامیل حاجى عەلى کێبەرکێ لەسەر وەرگرتنی پۆستى ڕابەرى گشتى دەکەن. خوشکانى بزوتنەوەش ڕۆڵێکى کارایان دەبێ لە کۆنگرەى ئەمجارەدا، چونکە لە 20%ى خوشکانى بزوتنەوە خۆیان بۆ پۆستى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کاندید کردووە".
هەروەها گوتی "بەنامەى فەرمى هەموو لایەنە سیاسیەکان و کونسوڵخانەکانمان لە بەستنى کۆنگرە ئاگادار کردووەتەوە و ئەوانیش برووسکەى پیرۆزبایان بۆ ناردووین".
ئەوەشی ڕوون کردەوە كە لە ڕێگەى دادگاوە کۆنگرەى ئەمجارە بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک پارێزەر و حاکم چاودێرى یاسایی کۆنگرەى بزووتنەوە دەکەن.
گوتەبێژەکەى بزووتنەوە ئەو دەنگۆیانەى ڕەت کردەوە كە هیچ لایەنێکى سیاسی تەداخولى کۆنگرەى بزووتنەوە بکات. وەکو خۆى دەڵێ "بزووتنەوە سەربەخۆیە و بەسەربەخۆیى دەمێنێتەوە، کۆنگرەى سێزدەى بزووتنەوە کۆنگرەیەکى پاک و بێگەرد دەبێت، هەروەها هیچ حیزبێکى دیاریکراوى وەک یەکێتى یان پارتى تەداخولى کۆنگرە ناکەن".
ئاماژەى بەوەش کرد دەزگا ئەمنییەکانیان لە پاراستنى ڕەوشى ئەمنى ڕۆژانى کۆنگرە ئاگادار کردووەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئاسایش و پۆلیس چاودێرى وردى ئەمنى هۆڵى کۆنگرە دەکەن، هەروەها دەزگا ئەمنییەکان بەڵێنى ئەوەیان داوە بەهەموو شێوەیەک بارودۆخى ئەمنى ڕۆژانى کۆنگرە بپارێزن.
باسنیوز
