قوتابی کامە بەشی خوێندنی زانکۆی پێ خۆش بێ، دەتوانێ ئەو بەشە بخوێنێت

 قوتابی کامە بەشی خوێندنی زانکۆی پێ خۆش بێ، دەتوانێ ئەو بەشە بخوێنێت
لە پڕۆژەیەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا ھاتووە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦ـ٢٠١٧) قوتابین دەتوانن لەو بەشەی دەیانەوێت لێی بخوێنن فۆرمی وەرگرتن پڕ بکەنەوە، بەڵام دوای پێشکەشکردنی ئەم جۆرە مافی وەرگرتنی بە ڕێگەی (زانکۆلاین)ـەوە نامێنێ.
"بە ئامانجی ڕەچاوکردنی حەزوئارەزوەکانی خوێندکار و پێدانی سەربەخۆییەکی زیاتر بە زانکۆکان و، بەفیڕۆنەدانی ھەوڵ و تواناکانی مامۆستا و خوێندکار و خەرجییەکی زۆر، بۆ یەکەمین جار لەسەر پێشنیازی (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێی خوێندنەوە سیستمی وەرگرتنی زانکۆیی جێبەجێ دەکات."

لەو ڕێنماییەدا "خاڵە سەرەکییەکانی سیستمی وەرگرتنی زانکۆیی و ئەو بەشانە دەستنیشان کراوە کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٦ـ٢٠١٧) خوێندکار بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەردەگرن، بپێی ڕێنماییەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پلانی وەرگرتنی سیستمی زانکۆیی ڕاستەوخۆ لەلایەن (زانکۆ، کۆلێژ، فاکەڵتی، پەیمانگە، سکوڵ، بەش) ئامادە و جێبەجێ دەکرێ؛ ئەڵبەت خوێندن بەم سیستمە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی (پزیشکی، ئەندازیاری و بەشەکانی یاسا) ناگرێتەوە."

لەھەمان کاتدا و بەپێی خاڵێکی دیکەی ڕێنماییەکە "کەمترین نمرەی پیشبڕکێی وانەی پسپۆڕ لەلایەن بەشی زانستی بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕییەکانیان دیاری دەکرێ، لە ڕێنماییەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو کە دەرچووانی ئامادەیی ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ ـ ٢٠١٦)، کە کۆنمرەیان لە (٦٠) زیاترە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بەو مەرجەی کە تەمەنیان لە (٣٠) ساڵ زیاتر نەبێت، بەھەمان شێوە دەرچوانی ئامادەیی ساڵی خوێندنی (٢٠١٤ـ٢٠١٥) کە لە ھیچ شوێنێک وەرنەگیراون و کۆنمرەیان لە (٦٠) زیاترە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.

ڕێنماییەکە جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە خوێندکار بۆی ھەیە تەنھا داواکاری پێشکەش بە یەک زانکۆ بکات، لە ڕێکەوتی (١٨/٩/٢٠١٦) ناوی وەرگیراوان لەلایەن زانکۆ وە ڕادەگەێنرێ، ھەر خوێندکارێکیش کە وەرگیرا، مافی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان بە ڕێگەی (زانکۆلاین)ـەوە نامێنێ."







KDP
Top