نووری بریمۆ: پەیەدە بە تەنیا ڕۆژئاوای پێ بەڕێوە ناچێت
(نووری بریمۆ) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەو تەقینەوەی ئەمڕۆ كە داعش لە قامیشلۆ کرد جێگەی شەرمەزارییە و سەرەخۆشی لە شەهیدان و هیوای زوو چاكبوونەوەیش بۆ بریندارەكان دەكەین، ئێمە وەك خەڵكی ڕۆژئاوا زۆر سوپاسی (سەرۆک بارزانی) و حكوومەتی هەرێم دەكەین؛ ئەوە نەك تەنیا بۆ جاری یەكەمە بەڵكو لە هەر ڕووداو پێشهاتێك دەرگای كوردستان بە ڕووی كوردانی ڕۆژئاوادا دەكاتەوە، ئێستایش تیمی تەندروستی ڕەوانەی دەروازەی سێمالكا كراون و دەرگای نەخۆشخانەكانی دهۆكی كردووەتەوە بۆ هاوكاریكردنی بریندارەكان."
گوتیشی: "ئەم تەقینەوە دووپاتی كردەوە كە پەیەدە ناتوانێت بە تەنیا خەڵكی ڕۆژئاوا بپارێزیت؛ پێویستە سیاسەتێكی نوێ لە ڕۆژئاوا پەیڕەو بكرێت و هەموو لایەنەكانی ڕۆژئاوا بگەنە یەك و خەڵكی ڕۆژئاوا بگەڕێتەوە، هەروەها كاتی ئەوە هاتووە كە پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا دەربازی ڕۆژئاوا ببن و بەرگری لە خەڵكی ڕۆژئاوا بكەن، چونكە هەموومان پێكەوە دەتوانین ڕۆژئاوای كوردستان لە هەر كردەوەیەكی خراپ و تیرۆریستی بپارێزین."
KDP
