گرووپێكی كریستیانەكانی كوردستان چاویان بە پاپای ڤاتیكان دەكەوێت

 گرووپێكی كریستیانەكانی كوردستان چاویان بە پاپای ڤاتیكان دەكەوێت
سبەی پێنجشەممە لەگەڵ گەیشتنی پاپای ڤاتیكان فڕانسیس بۆ شاری كڕاكۆڤ، ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی لاوان بە شێوەیەكی فەرمی دەست پێدەكات و بڕیارە گرووپێکی گەورەی لاوانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشدار بن

فێستیڤاڵی جیهانیی لاوان كە بۆنەیەكی ئایینییە بۆ لاوانی كریستیانی جییهان ڕێك دەخرێت و هەر جارە و لە وڵاتێك بەڕێوە دەچێت، لەو بۆنەیەدا وا چاوەڕوان دەكرێت زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو خەڵک تییدا بەشدار بن.

لەناویاندا گرووپێكی گەورەی لاوانی كریستیان لە كوردستان و عێراقەوە ئامادە دەبن كە ژمارەیان 320 كەسە بە یاوەریی مەتران بەشار وەردە لە هەولێرەوە و مەتران باسێل سەلیم یالدۆ لە بەغدا و چەند قەشەیەكی دیکە بەشداری دەکەن.

ئەو گرووپەش لەلایەن قوتابیانی كریستیانی كوردستان سەرپەرشتی دەكرێن كە لە وڵاتی پۆڵۆنیا دەخوێنن.

پاپا فڕانسیس وا چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر 4 بگاتە فڕۆكەخانەی كڕاكۆڤ. دوای ئەوە دیدارێك ساز دەكات لەگەڵ دەسەڵاتداران و مەترانەكانی پۆڵۆنیا.

سبەی پێنجشەممە پاپا فرانسیس لە شارۆچكەی چێنستۆخۆڤا Częstochowa بە بۆنەی 1050 ساڵەی هاتنی ئایینی كریستیانی بۆ پۆڵۆنیا و دامەزرانی وڵاتی پۆڵۆنیا نوێژێك بەڕێوە دەبات، ئێوارەش دەگەڕێتەوە كڕاكۆڤ و بۆ یەكەمجار چاوی دەكەوێت بە سەردانیكەرە لاوەكان.

ڕۆژی هەینی پاپای ڤاتیكان بە سەردانی تایبەت دەچێتە كامپی كۆمەڵكوژی ئاوشڤیتچ بیركێناو Auschwitrz Birkenau، دواتر سەردانی منداڵانی نەخۆش دەكات لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری كڕاكۆڤ. ئێوارە لە نوێژی ڕێگای خاچدا بەشداری دەكات. كە ئەوەش ساتێكی گرنگە بۆ كریستیانەكانی كوردستان، لە كاتی نوێژكردن لەبەردەم پاپا، گەواهی لێقەوما و و دەربەدەر بووەكانی دەستی داعش دەخەنە بەردەم پاپا.

ساتی هەر گرنگی ڕۆژی لاوانی جیهانی دەكەوێتە ڕۆژانی شەممە و یەكشەممە. ڕۆژی شەممە پاپا فڕانسیس نوێژێكی بەكۆمەڵ دەكات لەگەڵ لاوانی كریستیانی جیهانی و دواییش نانی نیوەڕۆ لەگەڵ شاندی لاوانی جیهانی دەخوات.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ پاپا دەچێتە شارۆچكەی بژێگی Brzegi لە باشووری كڕاكۆڤ و لەوێ تاكوو بەیانی نزا و پاڕانەوە بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی یەك شەممە بەیانییەكەی دووبارە نوێژێكی بەكۆمەڵ دەكات بۆ كۆتایی هێنان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانی كە تێیدا یەک ملیۆن و نیو سەردانیكەر بەشداریی دەكەن.











Top