چاودێرێكی سیاسی: سەرۆك بارزانی حاڵەتە چەقبەستووەكەی نێوان لایەنەكانی شكاند

 چاودێرێكی سیاسی: سەرۆك بارزانی حاڵەتە چەقبەستووەكەی نێوان لایەنەكانی شكاند
چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، دەستپێشخەرییەكەی (سەرۆك بارزانی) ئەو حاڵەتە چەقبەستووەی شكاند كە بۆ كۆبوونەوەی نێوان لایەنەكان دروست ببوو، بۆیە گەر لایەنەكان بەپیر پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمەوە بێن، كورد هەموو مافەكانی بە دەست دەهێنێت.

لەسەر راسپاردەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی چارەكردنی كێشەكانی هەرێم و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پرسی ریفراندۆم، سەردانی لایەنەكان دەكات.

چاوێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (د. ساڵح مەلا عومەر عیسا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان كە سەردانی لایەنەكانیان دەكرد و پارتییش ئامادە نەبوو بە هاوبەشی لەگەڵیاندا كۆ ببێتەوە و داوای دەكرد بە جیا لەگەڵیان كۆ ببێتەوە، ئەمە حاڵەتێكی چەقبەستووی لە فەزای سیاسیدا دروست كردبوو، بەڵام ئەو دەستپێشخەرییەی (سەرۆك بارزانی) كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی راسپاردووە سەردانی لایەنەكان بكات بۆ ئەوەی میكانیزمێك بدۆزنەوە و كێشەكان چارە بكەن، سەركەوتنێكی گەورەیە كە توانی ئەو حاڵەتە چەقبەستووییە بشكێنێت، بۆیە گرێی دانیشتنی لایەنەكان بووەوە و گرێیەكانی دیكە دەمێننەوە، ئەمەش پێویستی بە گفتوی زیاتر هەیە بە تایبەت لە نێوان پارتی و گۆڕاندا".

(عیسا) گوتیشی، لە ئێستادا عێراق لە بەردەم گۆڕانكاریدایە بە تایبەت لە دوای ئازادكردنی مووسڵ، بۆیە دەبێ بپرسین ئایا هەرێم سوود لەوگۆڕانكاریانە وەردەگرێت و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا چۆن دەبێت و، بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، لە پەیامەكەی پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)ـدا نەخشەڕێگا بۆ ئەمە دانراوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان لەسەر ئەمە كۆك بن، بە تایبەت ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی گەلی كوردەوە".

ئەو هەروەها زیاتر گوتی، كورد ئەگەر لە ئێستادا ئەو ریفراندۆمە ئەنجام بدات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا كەمتر دووچاری كێشە دەبێت، بەڵام ئەگەر كێشەكان بەم جۆرە بەردەوام بن، كات دەروات و ئەو كارتانەی لە بەردەستن هەموو دەسوتێن، لە داهاتوویشدا ناتوانن بەرگری لە مافەكانی كورد بكەن، بۆیە ئەو پەیامەی سەرۆكی هەرێم كاریگەریی زۆر ئیجابی دەبێت، دەتوانێ كۆتایی بە ١٠٠ساڵ لە سایكس پیكۆ بێنێت و تەواوی مافەكانی كوردستانیان بە دەست بێنێت".








KDP
Top