نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ديموكراتى كوردستان: سەربەخۆیی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرنگترە

نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ديموكراتى كوردستان: سەربەخۆیی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرنگترە
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە بەلای ئەوانەوە سەربەخۆیی کوردستان لە پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یوسف محەمەد، گرنگترە.



نەجات حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی راگەیاند، بابەتی گۆڕین و نەگۆڕینی یوسف محەمەد بەلای پارتییەوە گرنگ نییە و پارتی ئێستا سەرقاڵی ئامانجێکی گەورەی نەتەوەییە.

نەجات حەسەن بە ئاماژەکردن بە لێدوانێکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، قۆناغێکی تازە لەگەڵ بەغدا دەست پێدەکەن، کە ”گۆڕینی ئاراستەی گفتوگۆکانە لە وەرگرتنی مافەکانمانەوە بۆ دیاری کردنی چارەنووسمان".

ئەو سەرکردەیەی پارتی باسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند، لەم قۆناغەدا، بەلای پارتی دیاریکردنی چارەنووس و دروتکردنی دەوڵەتی کوردستان گرنگترە لە یوسف محەمەد، کە ئاخۆ دەبێتەوە سەرۆکی پەرلەمان یاخود نا.

نەجات حەسەن هەروەها رایگەیاند، کە بڕیارە شاندێکی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی بەڕوونی ئەو بابەتانە باس بکرێن و بخرێنە بەردەم لایەنی بەرانبەر.




باسنيوز
Top