شەش حزبی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەوڵی بەرەیەکی هاوبەشی کوردی دان

شەش حزبی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەوڵی بەرەیەکی هاوبەشی کوردی دان
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی رۆژهەڵات دوو جار کۆبوونەتەوە و بڕیارە لە کۆبوونەوەی سێیەمیاندا باس لە دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی کوردی بکەن، لەگەڵ ئەوەش لایەنەکان ڕای جیاوازیان لەسەر دروستکردنی ئەو بەرەیە هەیە.



بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دوو لایەنی حزبی دیموکرات و سێ لایەنی کۆمەڵە و سازمانی خەبات کۆبوونەوەی دووەمیان لە بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجام بدەن، محەمەدنەزیف قادری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حدکا گوت: "لە کۆبوونەوەکەی سلێمانیدا باس لە ئیدانەکردنی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و قسەکردن لەسەر دوا جموجۆڵەکانی ‌حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کراوە".



بە گوتەی قادری لە کۆبوونەوەی داهاتوودا کە بڕیارە لە بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بگیرێت، باس لە زەروورەتی یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان لە بەرامبەر هەڕەشە و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت و بڕیاریشە قسە لەسەر پشتیوانیکردنی بزووتنەوە سیاسیی و مەدەنییەکانی ناوخۆی کوردستانی رۆژهەڵاتیش بکرێت.



لە کۆبوونەوەکانی ئەو شەش لایەنە سیاسییەی کوردستانی ڕۆژهەڵات باس لە پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی کوردی کراوە و قسەش لەسەر ئەوە کراوە کە بوار بۆ کۆبوونەوەی سکرتێرەکان بڕەخسێنن.



سەبارەت بەو بەرەیەش محەمەد نەزیف قادری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حدکا دەڵێت: "کاریگەریی جیابوونەوەکان و کێشەی ڕێکخراوەیی لەمپەری سەرەکیی دروستکردنی بەرەیەکی کوردین".



هاوکات ئەنوەر محەمەدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، گوتی: کاتی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دیار نییە، بەڵام زەمینە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش ئامادەیە و هەندێک گرفت و وردەکاری هەن کە تاکوو ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە بەسەریاندا زاڵ بن".



مانگی ڕابردوو شەش لایەنی سیاسیی کوردستانی رۆژهەڵات دوو جار کۆبوونەتەوە، جارێکیان لە بارەگای کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سلێمانی و جاری دووەمیش لە نوێنەرایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، بڕیاریشە سێیەم کۆبوونەوەیان بەبێ ئامادەبوونی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پەژاک) و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە بارەگای حدکا ئەنجام بدرێت.



عومەر باڵەکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان لەو بارەیەوە ڕاگەیاند: تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی داهاتوو دیار نییە، بەڵام دوو تەوەر گرنگن کە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، یەکەم؛ پێویستە باس لە چۆنیەتیی پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی کوردی بکرێت و دووەمیش دەبێ شێوازی خەبات لەدژی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ بکرێت".







باسنیوز
Top