كه‌ركووك.. ته‌قه‌كه‌ری سێیه‌مى سه‌ر باره‌گایه‌كی پارتی خۆی ڕاده‌ستی ئاسایش كرد

كه‌ركووك.. ته‌قه‌كه‌ری سێیه‌مى سه‌ر باره‌گایه‌كی پارتی خۆی ڕاده‌ستی ئاسایش كرد
به‌رپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ته‌قه‌كه‌ری سێیه‌مى سه‌ر ناوچه‌یه‌كى پارتی له‌ كه‌ركووك خۆی ڕاده‌ستی هێزه‌كانى ئاسایش كرد.



محه‌مه‌د كه‌مال، به‌رپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك، ڕاگه‌یاند: "ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (26-7-2016) ته‌قه‌كه‌رى سێیه‌مى سه‌ر ناوچه‌ى پارتی له‌ گه‌ڕه‌كى ئازادى شارى كه‌ركووك به‌ ناوى (ی.غ.م) خۆی ڕاده‌ستی هێزه‌كانى ئاسایش كرد".



گوتیشی" ئێستا ده‌ستگیركراوه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌ گه‌ڵدا ئه‌نجام ده‌درێت".

شیاوی ئاماژه‌پێدانه‌ ئه‌مڕۆ بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکوک ئاشكرای كرد ئەو چەکدارانەی تەقەیان لە بارەگایەکی پارتی لە شارەکە کردووە، سەر بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانن .



هه‌ر ئه‌مڕۆ نەقیب فەرھاد حەمە عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک (پارتی) ڕاگەیاند: "ئەوانەی کە تەقەیان لە بارەگاکەی پارتی لە کەرکوک کرد سێ چەکدارن، دووانیان دەستگیر کرا، سێیەمیان دەستگیر نەکراوە و لە لای یەکێتییە و پێشمەرگەی ئەوانە و داوامان كردووه‌ ڕاده‌ستمان بكه‌ن".



شه‌وى 24ى ته‌مموزى 2016، سێ چه‌كدار ته‌قه‌یان له‌ ناوچه‌ى پارتی كرد له‌ گه‌ڕه‌كى ئازادى شارى كه‌ركووك و دوێنێ دووشه‌ممه‌ 25ى ته‌مووزى 2016، هێزه‌كانى ئاسایشى كه‌ركووك دوو له‌ ته‌قه‌كه‌رانی ده‌ستتگیركرد و ئه‌مڕۆش ته‌قه‌كه‌رى سێیه‌م خۆی ڕاده‌ستی ئاسایشی كه‌ركووك كرد.







باسنیوز
Top