پارێزگای ھەولێر تاوتوێی داخستنی یەکجاری شەقامی ئیسکان دەکات
تاھیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری ھەولێر راگەیاند: "ئەو رێوشوێنانەی چەند رۆژی رابردوو، پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانەوە ھەیە و ئێمە قسەی لە سەر ناکەین، بەڵام لیژنەی پەرەپێدانی ھاتووچۆ لە پارێزگای ھەولێر تاوتوێی قەدەخەکردنی ھاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێل بە شەقامی ئیسکان و چەند شوێنێکی دیکە دەکەین".
تاھیر عەبدوڵڵا گوتی:" ئەو شەقامە تایبەتمەندی خۆی هەیە و شەوان خەڵکی زۆر رووی تێدەکەین پێشنیازمان بۆ کراوە کە تەنیا بە پیادە ھاتووچۆ بکرێت و بە یەکجاری ئۆتۆمبێل قەدەخە بکرێت، ئێمە لە لیژنەی پەرەپێدانی ھاتووچۆی ھەولێر داوامان کردووە ھەڵسەنگاندنێک و لێکۆڵینەوەیەک بکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لە بارەووە بدرێت".
لە چەند رۆژی رابردوو ھەندێک رێوشوێنی ئەمنی تازە لە ھەولێر گیراونەتەبەر و، بەربەستی کۆنکرێتی لە ھەندێک شوێن و شەقامی سەرەکی دانراون، شەقامی ئیسکان لە ھەردوو سەرەوە ھاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تێدا قەدەخەکراوە، لەنێو بازاڕیش لەبەردەم بازاڕی داون تاونەوە بەربەستی کۆنکرێتی دانراون.
تاریق گەردی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەوڵیر گوتی: ئەو رێکارانە شتی ئاسایین و بۆ رێگریکردنن لە ھەر کارێک کە گرووپە تیرۆریستییەکان بیانەوێ ئەنجامی بدەن.
بەڕێوبەری ئاسایشی ھەولێر دڵنیایی دەداتە خەڵک کە ھیچ شتێک لە ئارادا نییە و بارودۆخی شارەکان بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئاسایشدایە.
لە سەرجەم شەڕەکان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان شکستی بە ھێرشەکانی داعش ھێناوە و، زیاتر لە 95% -ی خاکی باشووری کوردستان لە دەستی داعش دەرھێندراوەتەوە، بەھۆی ئەو شکستەی داعش لە بەرەکانی شەڕ سێجار کردەوەی تەقینەوەو خۆکوژی ئەنجامداوە ژمارەیەک ھەوڵی دیکەی داعشیش لە سەرجەم ھەرێمی کوردستان و کەرکووک و ناوچەکانی دیکە پوچەڵکراوەتەوە.
لەکاتێکدا داعش لە پایتەختی وڵاتانی ئەوروپا و زۆر وڵاتێکی دیکە چەندین کردەوەی بە تەکنیک و شێوازی نوێ ئەنجامداوە کە دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
رووداو-
