بزووتنەوەی ئیسلامی: بەهۆی قەیرانی دارییەوە لەهۆڵی ئاهەنگگێڕاندا كۆنگرە دەبەستین
كۆنگرەی 11ی بزووتنەوەی ئیسلامی، چەند مانگێكە ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی دەكرێتو بڕیارە 28ی ئەم مانگە ببەسترێت، هەرچەندە دەبوو لە 10ی مانگی (تەمموز/7)دا بوایە بەڵام بۆ ماوەی 18 رۆژ دواخرا بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەكاریەكانەوە لەو كاتەدا.
عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان راگەیاند، پێنجشەممە 28ی تەمموز، 11هەمین كۆنگرەی حزبەكەیان دەبەستنو بۆ ئەو مەبەستەش، ئامادەكاری تەواو ئەنجام دراوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوە، هەموو ئەندامانی سەركردایەتی كۆن و ئێستا و مەكتەبی سیاسی، هەروەها بەرپرسی مەڵبەند و مەكتەبەكان و بەرپرسی هێزەكانی پێشتر و ئێستا و لقی خوشكان و خوێندكاران راستەوخۆ دەبنە ئەندامی كۆنگرە.
وتەبێژی بزوتنەوە "370 كەس ئەندامی كۆنگرە دەبنو 56 كەسیش لەوان كێبڕكێدەكەن بۆ ئەندامێتی شورا، هەروەها عیرفان عەبدولعەزیز رابەری ئێستای بزوتنەوەی ئیسلامیو كامیلی حاجی عەلی كێبڕكێدەكەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی رابەری ئیسلامی كوردستان".
بڕیارە كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لەهۆڵی كۆردۆنیا لە شاری سلێمانی ئەنجامبدرێت.
نزار كەمال، وتەبێژی لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان وتی"بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو هۆڵەمان هەڵبژاردووەو كۆنگرەكەشمان نەبردۆتە شاری هەولێر".
هەرێمی كوردستان زیاتر لەدوو ساڵە لەقەیرانی قوڵی داراییدایە، ئەوەش بووەتە هۆی دواكەوتنی موچە لەوادەیی خۆییو راگرتنی هەزاران پرۆژە، بودجەی حزبەكانیش لەلایەن حكومەتەوە بەهەمان هۆكار لەوادەی خۆی نادرێت.
وتەبێژی بزووتنەوە دەڵێت "هیچ حزب و لایەنێكمان بانگهێشتی كۆنگرە نەكردووەو تەنها بروسكەی پیرۆزباییەكانیان دەخوێنینەوە، بۆ ئەوەی بەزوترین كات كۆنگرە كۆتایبێت".
لەكۆنگرەدا سێ سندوق دادەنرێت، كەبریتی دەبێت لەسندوقی دەنگدانی تایبەت بەكاندیدەكانی رابەری گشتی، هەروەها سندوقێكی تریان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی شورای ناوەندیە، لەگەڵ سندوقێك بۆ هەڵبژاردنی بەرپرسی مەڵبەندەكان، كەراستەوخۆ لەنێو هۆڵی كۆنگرەدا هەڵدەبژێرێن.
بزوتنەوەی ئیسلامی ئێستا 24 ئەندامی سەركردایەتی و حەوت ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەیە، هێشتاش قسەلەسەر كەمكردنەوەی ئەو ئەندامانە نەكراوە، لیژنەی تایبەتیش بۆ گۆڕین و ئامادەكردنی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دیاریكراوە، دواتر دەخرێتە بەردەم ئەندامانی كۆنگرەو دەنگی لەسەردەدرێت.
شێوازی كاركردنی بزوتنەوەی ئیسلامی لەداهاتودا باسی لێدەكرێت، لەگەڵ پرسی سیستەمی پەرلەمانی و ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردی و پەیوەندی نێوان لایەنە ئیسلامیەكان، بەدڵنیایییەوە ئەوانە پرسی گەرم و گوڕ دەبن لەكۆنگرەدا.
بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ساڵی 1987 بەسەركردایەتی عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران راگەیاندرا و یەكەم حیزبی سیاسی ئیسلامی چەكدارە كە لە كوردستانی عێراق دامەزراوە، لەساڵی 1999 لەگەڵ بزووتنەوەی راپەڕین یەكیانگرتووەتەوە كە مەلا سدیق سەركردایەتی دەكرد و بزووتنەوەی یەكبوونیان راگەیاند، ئەو یەكگرتنە زۆری نەخایاندو لەساڵی 2001 كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و ئەنسارولئیسلام لەبزوتنەوە جیابونەوە.
خەندان-
