بارزانی دوای وەرگرتنی رای حزبەکان دەستپێشخەریی نوێی دەبێ

بارزانی دوای وەرگرتنی رای حزبەکان دەستپێشخەریی نوێی دەبێ
سەردانەکەی فواد حسێن وەکو نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی، ھەندێ لە بەستەڵەکی سیاسی دەتوێنێتەوە و پێشنیاز ھەیە لە رێگەی رێککەوتنێکی نوێوە پەرلەمانی کوردستان ئەکتیڤ بکرێتەوە و بزووتنەوەی گۆڕانیش مەیلی بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆنی ھەیە.

ئەگەرچی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرەتا ئەوەی گوتبوو کە ئەوان نایانەوێ بێ یەکێتی پێشوازی لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام دواتر بەوە ڕازی بوو کە خۆیان بە تەنیا لەگەڵ نوێنەری بارزانی کۆ ببنەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە فواد حوسێن لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لە سلێمانی کۆ بووەتەوە و رای لەبارەی دوو پرسەوە وەرگرتوون و پەیامێکی بارزانیشی گەیاندووەتە یەکێتی.

سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە کۆبوونەوەکان رایگەیاند، ئەو دانیشتنە تایبەت و تەنیایەی نێوان فواد حوسێن و نەوشیروان مستەفا، ئەنجامی ئەرێنیی لێ کەوتووەتەوە.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، لە دانیشتەکەدا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، فوئاد حوسێن داوای ڕای گۆڕانی لەسەر دوو پرس لە نەوشیروان مستەفا کردووە.

یەکەمیان، ھەڵوێستی گۆڕان لەسەر پێکھێنانی شاندێکی ھاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی ریفراندۆم و دووەمیشیان، بابەتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن یەکێتییەوە، کە ئێستا رێککەوتنی لەگەڵ گۆڕاندا ھەیە، تاوەکو لەو رێگەیەوە بتوانرێ پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و بۆ پرسەکانی دیکەش رێککەوتنێکی نوێی سیاسی بکرێت.

سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئەوەی تا ئێستا دیارە، گۆڕان نایەوێ لە حکوومەتدا بێ و ھیچ پۆستێکی ھەبێ، بەڵام دەیەوێ بە جۆرێ ئەوە بکات کە بە تەنازول ھەژمار نەکرێ، بە شێوەیەک دەخوازێ بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو خۆی وەکو ئۆپۆزسیۆن دەرخاتەوە.

سەرچاوەکە زیاتر روونی کردەوە، کێشەی گۆڕان ئەوەیە کە زۆر پێداگرییان لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکان کردووە و ئێستاش نازانن چۆن بڵێن دەستبەرداریان دەبین.

لەمبارەیەوە محەمەد تۆفیق رەحیم، بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، وەکو ئاماژەیەک بۆ داھاتووی بزووتنەوەکەی، بۆ (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، ئەوا ھەموو ئەگەرێک لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕان کراوەیە و وەزیرەکانیان بە فەرمی لە حکوومەت دەکێشنەوە.

ھاوکات سەرچاوەکە لەبارەی سەردانی فواد حوسێن بۆ لای کۆسرەت رەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، جگە لە راوەرگرتن، فواد حوسێن پەیامێکی تایبەتی بارزانی داوەتە یەکێتی.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، بارزانی لە پەیامەکەیدا بۆ یەکێتی داوای کردووە کە لەم قۆناغە ھەستیارەدا ڕۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن و یەکێتی سەنگی مێژوویی خۆی نەخات بە لای لایەنگیریدا، بەڵکو ھاوھەڵوێست بێت لەگەڵ ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی کە مام جەلال تاڵەبانی سکرتیری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای کوردستاندا پیادەی کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەکە، کۆسرەت رەسووڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی، دەستخۆشیی لە ھەنگاوەکەی بارزانی کردووە و ھیوای خواستووە کە پارتی و گۆڕان بتوانن کێشەکان تێپەڕێنن.

کۆسرەت رەسووڵ گوتووشیەتی کە یەکێتی ھەموو قورسایی خۆی بەکار دێنێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات ھەوڵەکان بگەنە ئەنجام.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کە فوئاد حوسێن لەبارەی مەسەلەی بەگەڕخستنەوەی پەرلەمان داوای لە یەکێتی کردووە کە لەگەڵ گۆڕاندا بگەنە دەرەنجامێک، بۆ ئەوەی ناودێرکردنی بەرپرسانی یەکێتی بۆ پۆستەکانی گۆڕان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کارێکی ئاسایی بێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کۆسرەت رەسووڵ بە نوێنەرەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گوتووە، یەکێتی ھیچ گرفتی لەوەدا نییە پۆستەکانی گۆڕان وەربگرێت، ئەگەر بە رێککەوتنی پارتی و گۆڕان و بۆ بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان بێت.

ھاوکات سەرچاوەکەی ئاشکراشی کرد، مەبەستی بارزانی بۆ وەرگرتنی رای حزبەکان، لەسەر ئەو دوو پرسە بۆ ئەوەیە، ئەگەر دواجار بە کۆی گشتییان وەڵامێکی ئەرێنی دەستبکەوێ، ئەوا لە کۆبوونەوە فراوانەکەی لەگەڵیاندا، لەسەر بنەمای وەڵامەکانیان دەستپێشخەرییەکی نوێی دەبێ.

ئەبو کاروان، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی شیوعی لە پەرلەمانی کوردستان، کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەتەوە رای گەیاند، بارزانی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵیاندا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە تا چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوام دەبێت و ئەگەر حزبەکان وەڵامی باشیان بۆ ئەو پرسانە ھەبێ کە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکا، ئەوا دەستپێشخەرییەکی نوێی لەسەر بنەمای وەڵامەکانی ئەوان دەبێ، گوتیشی: "پێشبینی دەکەین ئەو دەستپێشخەرییەی بارزانی لە کۆبوونەوە فراوانەکەی لەگەڵ حزبەکان بخرێتە ڕوو".

لای خۆشیەوە عادل عەزیز، پەرلەمانتار و ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی سەردانی فواد حوسێن بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، لەم دۆخەدا ھەر کارێک بۆ چارەسەریی کێشەکان ھەنگاوێکی ئەرێنییە و ھاتنی فواد حوسێن و کۆبوونەوەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا تواندنەوەی بەشێک لەو بەستەڵەکەیە، کە لە دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە.

گوتیشی: "بابەتەکە ئەوەیە کە ئێستا تەنیا پەرلەمانی کوردستان پەکی نەکەوتووە، تاوەکو گۆڕانکاری تەنیا لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا بکرێ، بەڵکو لە رووی یاساییەوە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کێشەی ھەیە و حکوومەتی ھەرێمیش لە قەیرانێکی قووڵی داراییدایە و چەند وەزیرێکی گۆڕان بە تەلەفۆن رەوانە کراونەتەوە، لەبەرئەوە باشتر وایە ھەموو ئەو پرسانە بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەر بکرێن، بە کورتییەکەی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە رێککەوتنێکی نوێ ھەیە تاوەکو لەو قەیرانە دەربازی بێت، یان ئەوەتا دۆخەکە بگەڕێتەوە پێش ١٢ی ئۆکتۆبەر، کە بە بڕوای من ئەوە خۆی بەشێکە لە چارەسەر".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان راشی گەیاند، ئەوان وەکو گۆڕان زیاتر چاوەڕوانی گەڕانەوەی دۆخەکەن بۆ پێش ١٢ی ئۆکتۆبەر، بەڵام سەردانی فواد حوسێن بۆ لای نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو ھەوڵەی لە ئارادایە بۆ پێکھێنانی لیژنە بۆ چارەسەرکردنەوەی دۆخەکە، ئەوانە ھەنگاوی ئەرێنین و وەکو گۆڕان پێشوازی لە ھەر ھەنگاوێک دەکەن کە بزانن چارەسەری پێوە دەبێت.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ھەر یەکتربینین و دیدار و دانیشتنێک جۆرێکە لە شکاندنی ئەو بەستەڵەکە سیاسییەی کە لە کوردستاندا ھەیە، بەتایبەتیش لەنێوان گۆڕان و پارتی، دواجاریش ھەر دەبێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ کێشەکانمان چارەسەر بکەین.

بەڵام سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو پێشنیازە نین کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بدرێ بە یەکێتی، گوتیشی: "ھەوڵ و پێشنیاز لە ئارادان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و یەکێتی بە پێویستی زانیوە پێش کۆبوونەوەی ھەموو لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان زەمینەیەک ھەبێ بۆ ئەو کۆبوونەوە فراوانە ھەندێ لە کێشەکان و چارەسەر بکرێن".

راشی گەیاند، ئەوان وەکو یەکێتی ئامادەن سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکان بکەن و ھەر ھەنگاوێک بە قازانجی بەرژەوەندیی تێکڕای خەڵکی کوردستان بێت بە ھەنگاوی باشی دەزانن، بەشێوەیەک ھەموو لایەنەکان لەسەری بگەن بە رێککەوتن.

جێی باسە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا، داوای کرد لایەنەکان کۆ ببنەوە و لەسەر ڕیفراندۆم و پەیوەندیی ھەرێم و بەغدا بگەنە کۆدەنگییەکی نیشتمانی و لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ھەرێمیش چارەسەرێک بدۆزنەوە.

ژاژڵەیی روونیش دەکاتەوە: “ئێمە پێمان خۆشە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دابنیشین و کێشەکانمان چارەسەر بکەین، ئەگەر بەڕێز مەسعود بارزانی، بڕیاری ئەوە دەربکات یوسف محەمەد بچێتەوە پۆستەکەی خۆی، ئیدی ئێمە دەتوانین دابینشین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام دیارە پارتی نایەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، پارتی دەیەوێت یوسف محەمەد نەکرێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان”.

بە ھەمان شێوە عەبدولخالق باپیری، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رای دەگەیەنێ: “پارتی سوورە لەسەر گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ڕزای نەبوون بە یوسف محەمەد، تا جارێکی تر کێشەکان دووبارە نەبنەوە بۆ پارتی و گەلی کوردستان، چونکە یوسف محەمەد نەیتوانی وەکو سەرۆکی پەرلەمان ئەدای کاری خۆی بکات، لە سایەی ئەودا پەرلەمان بووە جێگەی ململانێیەکی خراپی حزبی، بۆیە نامانەوێت جارێکی تر پەرلەمان و گەلی کوردستان بخەینەوە نێو ئەو کێشەیە، مەسەلەکەش شەخسی نییە، بەڵکو ئەو ئەزموونە”.


باس-
Top