بیلال سلێمان پەیامەكەی بارزانی بۆ لایەنەكان ئاشكرا دەكات
د. فوئاد حوسێن، کە بەنوێنەرایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکان کۆدەبێتەوە، پەیامی بارزانی بە لایەنەكان گەیاندووە، هاوكات رۆژی سێشەممە 26-7-2016 بۆ جاری دووەم لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەتەوە.
بیلال سلێمان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەبارەی پەیامەكەی بارزانی بۆ لایەنەكان لەڕێگەی فوئاد حوسێن-ـەوە گوتی "پەیامەكەی بەڕێزیان ئەوەبوو هەوڵبدرێت ئەم دۆخە چەقبوەستە سیاسییە ئارام بكرێتەوە، دۆخەكە بەرەو پێش بڕوات و لایەنەكان هەوڵی چارەسەری كێشەكان بدەن".
بەپێی زانیارییەکان پێشنیازێک هەیە بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان، کە پارتی و گۆڕانیش لەبارەیەوە ناڕازی نین، ئەویش ئەوەیە کۆبوونەوەی یەکەم لە بارەگایەکی کۆمەڵ، یەکێتی، یەکگرتوو یان هەرشوێنێکی دیکە بێت جگە لە بارەگای گۆڕان و پارتی و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. هاوكات مەرج نییە لە کۆبوونەوەی یەکەمیشدا سەرکردەی یەکەمی لایەنەکان ئامادەبن.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت "رەنگە ئەمجارە هەوڵی لێکنزیکكردنەوەی گۆڕان و پارتی شتێکی لێ سەوز ببێت".
سەرکردەی لایەنەکان پێشنیاری ئەوەیان بۆ پارتی و گۆڕان کردووە کە بۆ ئەوەی گرفت نەکەوێتە بەردەم کۆبوونەوەی یەکەمی لایەنەکان، هیچ کامیان باسی مەرج نەکەن، هەر قسەیەکیان بۆ یەک هەیە لەسەر مێزی کۆبوونەوەکان بیخەنە بەردەم یەکدی.
