گەرچی سەفەركردن لە زەكەریا قەدەخەکرابوو، بەڵام سەفەری کرد
بەپێی نووسراوێكی دادگای بەرایی هەولێر 2، بە ژمارە (42/ منع سفر/ ب2/ 2016) كە لە رۆژی 20/6/2016 دەرچووە و ئاراستەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانی (ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، فیشخابوور) كراوە، قەدەغەی هاتوچۆكردن لەسەر زەكەریا عەبدوڵڵا دانراوە كە پێشتر موزیسیان و گۆرانیبێژ بوو.
لە نووسراوەكەدا هاتووە "ئاماژە بە داوای بەرایی ژمارە 42/ منع السفر/ ب2/ 2016، ئەم دادگایە لە 25/5/2016 بڕیاری دا بە رێگری لە سەفەركردن بۆ دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان بۆ داوالێكراوی رێگری لە سەفەركردن لە دژی (زەكەریا عەبدوڵڵا حەسەن) تاوەكو ئەنجامی داوای بەرایی ژمارە 2951/ب4/2015 یەكلایی دەبێتەوە، بۆ ئاگاداریتان و ئەنجامدانی كاری پێویست و ئاگاداركردنەوەمان".
بەپێی زانیارییەكان، زەكەریا عەبدوڵڵا بڕی زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلاری بە قەرز لە بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان وەرگرتووە، بەڵام لە كاتی خۆیدا قەرزەكەی نەگەڕاندووەتەوە.
هەرچەندە بەپێی ئەو نووسراوەی دادگایی بەرایی هەولێر بێت، زەكەریا عەبدوڵڵا لە 25/5/2016 سەفەركردنی بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان لێ قەدەغەكراوە، بەڵام ناوبراو رۆژی 30/6/2016 سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردووە. لەسەر ئەمەش بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان نووسراوێكی ئاراستەی دادگای بەرایی هەولێر كردووە.
لە نووسراوەكەی بانكەكەدا هاتووە "لە داوای ژمارە 42/ منع السفر/ ب2/ 2016 لە رۆژی 25/5/2016 بۆ زەكەریا عەبدوڵڵا حەسەن بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی ناوبراو ئاگادارە بەو مەنعە، بەڵام لە 30/6/2016 لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر سەفەری كردووە. جا لەبەر ئەوەی ناوبراو بە رێگەی نایاسایی و ئیحتیال سەفەری كردووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی زەرەری لە بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی داوە و قەرزەكەی نەگەڕاندووەتەوە كە بڕەكەی شەش ملیۆن دۆلارە، داواكارین لە دادگا رێكاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر".
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند "رۆژی 21/7/2016 نوێنەری بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان لە بنكەیەكی پۆلیسی شاری هەولێر داوایەكی یاسایی لەسەر هونەرمەند زەكەریا عەبدوڵڵا تۆمار كردووە كە زەكەریا عەبدوڵڵا لەساڵی 2012دا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری لەو بانكە بۆ ماوەی شەش مانگ بە قەرز وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا پارەكەی نەداوەتەوە و كۆی ئەو پارەیەش كە ئێستا قەرزداری ئەو بانكەیە بڕی شەش ملیۆن و 375 هەزار دۆلارە، لەبەرئەوەی لەو كاتەوە تائێستا بڕی ملیۆنێك و 375 هەزار دۆلار فائیزی چووەتە سەر".
سەرچاوەیەكی ئاگادار گوتی "هەرچەندە رۆژی 20/6/2016 نووسراوەكەی دادگای بەرایی دووی هەولێر بۆ فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان نێردراوە، بەڵام زەكەریا لە رۆژی 30/6/2016 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە چووەتە دەرەوەی وڵات".
تەلار فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەوبارەیەوە رایگەیاند "نووسراوەكە بەنێوی سیانیی زەكەریا عەبدوڵڵا حەسەنەوە هاتووە، زەكەریاش بە پاسپۆرتی سوێدییەوە گەشتی كردووە كە ناوەكەی لە پاسپۆرتە سوێدییەكەدا جیاوازە لە نێوی سەر نووسراوەكە، بۆیە رێگەی گەشتكردنی پێدراوە".
بۆ كاتی گەشتەكەشی كە دەگوترێت 10 رۆژ دوای نووسراوەكە بووە، تەلار فایەق گوتی "بۆ ئەوەیان ئاگادار نیم، چونكە نووسراوەكە لەلایەن ئاسایشی فڕۆكەخانەوە وەرگیراوە، بەڵام كاتێك پرسیارمان لێكرا كە بۆچی رێگەی گەشتكردنی پێدراوە و دوای ئەوەی كارمەندانی پاسپۆرت چێكی سیستەمەكەیان كردەوە، دەركەوت بەهۆی جیاوازیی ناوەكەیەوە توانیویەتی گەشت بكات".
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە زۆر جاری دیكەش رووبەڕووی ئەو حاڵەتانە بوونەتەوە كاتێك رێگری لە گەشتكردنی كەسێك كراوە، بەڵام بەهۆی جیاوازیی ناوەكەی لەسەر نووسراو و پاسپۆرتەكەی رایانگرتووە تاوەكو دۆسیەكەی یەكلایی كراوەتەوە و گوتی "چەند جارێك داوامان لە دادگا كردووە لە نووسراوەكاندا ناوی چواری یاخود ناوی دایكی ئەو كەسەش بنووسن بۆ ئەوەی لە سیستەمەكەدا بخوێنرێتەوە".
رووداو
