کادیرێکی پارتی: تەقەکەرەکان لە بارەگاکەی پارتی سەر بە یەکێتین

 کادیرێکی پارتی: تەقەکەرەکان لە بارەگاکەی پارتی سەر بە یەکێتین
کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک ئاشکرای دەکات، کە ئەو چەکدارانەی تەقەیان لە بارەگایەکی پارتی لە شارەکە کردووە، سەر بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانن.


کاوێز مەلا پەروێز، کادیری پارتی لە پاریزگای کەرکووک رایگەیاند، مەبەست لە تەقەکردنەکەی ئەو چەکدارانەی یەکێتی، ”قوڵکردنەوەی ئەو کێشانەیە کە لە ئێستادا لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا ھەیە“.


کاوێز مەلا پەروێز هەروەها رایگەیاند، کە ئەو چەکدارانە و حزبەکەیان لە بری ئەوەی ھەوڵبدەن چارەسەری کێشەکانی نێوان حزبە سیاسییەکان بکەن، ”ھەوڵی دروستکردنی کێشەو گرفت دەدەن و ھەڵدەکوتنە سەر بارەگاکانمان و تەقەمان لێدەکەن“.


بە بڕوای ئەو کادیرەی پارتی لە کەرکووک، ئەو شارە ھی ھەموو لایەکە و ”نابێت لایەنێک دەستی بە سەردا بگرێت و وەک شتێکی بچوک تەماشای لایەنەکانی دیکەی خوارەوەی خۆی بکات“.


شەوی 24ـی تەمموز، دوو چەکداربە سواری ئۆتۆمبێلێکی BMWـەوە تەقەیان لە بارەگای ناوچەی چواری پارتی لە گەڕەکی رەحیماوا کرد و رۆژی دواتر ئاسایشی پارتی توانی دوو چەکدارەکە دەستگیر بکات.


کاوێز مەلا پەروێز ئاماژەی بەوەش دا، کە وێڕای تەقەکردن لە بارەگای پارتی، کوشتنی بارزان محەمەد رەحیم بەهۆی بوونی تاتووی وێنەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر جەستەی، ”کێشەکان زیاتر قوڵتر دەکاتەوە و ڕێگاکان بۆ چارەسەرکردنیان دادەخات“.


بە گوتەی کەسوکارەکەی، بارزان محەمەد رەحیم لە رۆژی 19ـی تەمموزی 2016 لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە بە ناوی ئاسایشی یەکێتی لە کەرکووک رفێندراوە و رۆژی 23ـی تەمموز تەرمەکەی بە شێوێندراوی دۆزراوەتەوە.


لایەنگرانی پارتی، ئاسایشی یەکێتی بە کوشتنی ئەو گەنجەی کەرکووک تۆمەتبار دەکەن و ئاسایشی یەکێتیش رایدەگەیەنێت، کە ئەو کوڕە لای ئەوان گیراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ”حەبخۆر و بکوژ“ بووە، ئازادیان کردووە و لای ئەوان نەکوژراوە.










باسنیوز
Top