حزبەکان پشتیوانی لە هەوڵەکانی بارزانی دەکەن

 حزبەکان پشتیوانی لە هەوڵەکانی بارزانی دەکەن
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتەوایی ”گرنگ“ـە و حزبەکانیش بەم هەوڵە، گەشبینن.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاند، جوڵەیەک ھەیە کە ھێزە سیاسییەکان بەیەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ لەبارەی دەربازبوونی کوردستان لەچەقبەستوویی سیاسی بکرێت.

عەلی عەونی بە پێویستی دەزانێ لایەنەکان بەجددی بێنە پێشەوە، چونکە ئەوە ”ھەوڵێکی گرنگە“ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناویەتی بۆ ئەوەی لایەنەکان کۆببنەوە، ئەگەر نییەتێک ھەبێ بۆ چارەسەری کیشەکان، ”دەبێت بەدەم بانگەوازەکەی بارزانییەوە بێن".

هەروەها فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، جموجۆڵی سیاسی بەرێوەیە، یەکێک لەوانە چوونی فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ لای حزبە سیاسییەکان، ھەروەھا جموجۆڵەکانی سەڵاحەددین بەھائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووش، کە ھەنگاوی بۆ ناوە، کاریگەرییان دەبێت لە چارەسەر کردنی کێشەکان.

ئەبو کاروان، ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتیی حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، ھەوڵێک لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، کە لە رێگای نوێنەرێکی خۆیەوە سەردانی لایەنەکان دەکات و پێیوایە ”ئەمە ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەو مەبەستەی کە سەرجەم لایەنەکان لە یەکتری نزیک ببنەوە".










باسنیوز
Top