شارەزایەکی سیاسی: بارزانی ئەو ئەرکەی بەجێهێنا کە لایەنەکان دەیانویست
ئالان حەمە سەعید، شارەزای زانستە سیاسییەکان، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی نیەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناردنی فوئاد حوسێن بۆ سلێمانی رایگەیاند "پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 23-6 و لە 5-7-2016 بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دیوانی سەرۆکایەتی بۆ قسەکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان رادەسپێرێت، لەسەر دوو بابەتی گرنگ".
ئالان حەمە سەعید، ئاماژە بەو دوو بابەتە دەدات، کە د.فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکات و دەڵێت: "پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی هەرێمی کوردستان، لەپێش ئەویش قسەکردن لەگەڵ بەغداو کۆتایی هاتن بەم فۆرمەی ئێستای جۆری پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە رێگاچارەیەکی ئاشتیانە".
ئالان حەمە سەعید، دەڵێت: "خاڵی دووەمیش قسەکردن دەبێت لەسەر ئەوکێشەو ئاریشانەی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان پارت و لایەنە سیاسییەکاندا هەن، لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پرسی دامەزراوەکانی ناو هەرێمی کوردستان".
شارەزای زانستە سیاسییەکان، وای بۆ دەچێت: "پەیامی تازە لە سەردانەکەی سەرۆکی دیوان هەبێت، هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو ئەرکەی خۆی بەجێهێناوە، بەو ئاراستەیەی زۆر لە کەسایەتییەکان و سیاسییەکان و هاووڵاتیان پێیانوابوو دەبێت دەستپێشخەری بکات، بۆ ئەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرەو دۆخێکی پۆزەتیڤ بڕوات، ئێستاش سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتەی لە رێگەی د.فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، خستووەتە بواری پراکتیزە کردنەوە".
سەبارەت بە کاردانەوەی، سەردانەکەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ئەو شارەزایەی زانستە سیاسییەکان پێیوایە "دەکرێت بە گەشبینییەوە لە کۆی سەردانەکە بڕوانین، سەردانەکەو دەستپێکی قسەکردن و دانوستاندن و ئەو راوێژانەی کە لەنێوانی ئەو لایەنە سیاسییانە و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، وەکو خاڵێکی پۆزەتیڤ لێ بڕوانین، ئەوەش حاڵەتێکی ئیجابییە".
بە تێڕوانینی ئالان حەمە سەعید "هاوکێشەکە بەو شێوەیە دەبینم، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دیدگای تازەوە سەرۆکی دیوانی راسپاردبێت بۆ قسەکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، دەمێنێتەوە سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆی لایەنە سیاسییەکانی دیکەش، بەوەی تا چەند تێگەیشتنی ئەو دۆخە تازەیە دەکەن، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، تا چەند وەڵامدەرەوە دەبن بۆ ئەو پەرەسەندنانەی کە لە ئاستی لۆکاڵی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و دەربار بە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە".
گوتیشی: "ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لەم کاتەدا هەنگاوێکی ئیجابی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دیوانەوە نراوە، ئەوەکەی دیکەش دەمێنێتەوە بۆ گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان، بەو ئومێدەی بە ئیجابی بشکێتەوە".
رووداو
