له پارێزگای ھەولێر چوار قایمقام دەگۆڕدرێن
بەپێی زانیارییەکان ئەو ٤ قایمقامە تازەی لە شوێنی ئەو قایمقامانە دادەندرێن بە فەرمانی سەرۆکی ھەرێم پلەکانیان لە بەڕێوەبەری ناحیە کراونەتە قایمقام و نێردراون بۆ پارێزگای ھەولێر.
لە لایەن پارێزگاری ھەولێر سیڤیی ئەو ٤ قایمقامە تازەیە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕەوانە کراوە بۆ پەسندکردنیان.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لە لێدوانێکدا، زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و گوتی: "ئەو نووسراوەمان لە پارێزگاوە بۆ ھاتووە کە پاڵاوتنی ٤ بەڕێوەبەری ناحیەیە بۆ شوێنی ٤ قایمقام، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت بە خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی سیڤی ئەو کەسانە، لە کۆبوونەوەکانی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاش دەخرێتە دەنگدانەوە".
ئەو ئاماژەی بەوەش دا، دەبێ لە کاتی دەنگداندا ھەر یەکێک لەو پاڵێوراوانە ٥٠ +١ بھێنێت، ئەگەر دەنگی پێویستی نەھێنا ئەو کاندیدە دەگەڕێتەوە و دەبێت کاندیدێکی تر پێشکەش بکرێت.
بەرپرسەکەی ئەنجومەنی پارێزگا ئاشکراشی کرد، ئەوان دەنگ لەسەر پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام دەدەن و دووپاتی کردەوە، ئەوان ئەو کاتە لە گۆڕانکارییە ئیدارییەکان بەرپرس دەبن کاتێک ناوی پاڵێوراوەکانیان بۆ دەھێندرێت.
عەلی رەشید ڕوونی کردەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا سەرپشک دەبن لە دەنگدان و دەنگ نەدانیان بە پاڵێوراوەکان.
بەپێی زانیارییەکانی (باس) جگە لەو ٤ قایمقامە، ٣ قایمقامی تریش دەگۆڕدرێن، لەگەڵ گۆڕینی چەند بەڕێوەبەری ناحیەیەک. ھاوکات بڕیاریشە چەندین بەڕێوەبەری گشتی کە پێوەستن بە بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان لە پۆستەکانیان لابدرێن، بڕیاری ئەوەش دراوە کە ھەندێک لە سەرۆک شارەوانییەکانیش گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.
پێشووتر فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاندبوو، لە میانەی پرۆسەی چاکسازیدا لە دەزگا گرنگەکان و پۆستە ئیدارییەکان گۆڕانکاری دەکرێت و روخساری نوێ دەھێندرێن.
سۆفی ئاماژەی بەوەش دا، لەمیانەی بەرنامەی چاکسازیی حکوومەت و چاکسازییەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەو گۆڕانکارییانە ئەنجام دەدرێن، گوتیشی: "خەڵک ھەیە ١٥ بۆ ٢٠ ساڵە لە پۆستەکەیەتی، لەوانە ھەیە خۆی بێتاقەت بووە لەو بەرپرسیاریەتییە، ھەشیانە لە گەندەڵییەوە گلاوە، بۆیە خەڵکی نوێ دەھێندرێنە پێش، ئەو گۆڕانکارییانەی ئەنجام دەدرێن جێگۆڕکێی پۆستەکان نییە، بەڵکو لادان و ھێنانی کەسانی تازەیە".
باسنیوز
