بەپێی مەڕسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەدان پێشمەرگە بە پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە

بەپێی مەڕسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان،  سەدان پێشمەرگە بە پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە
بەرپرسێک ئاشکرای دەکات، بە مەڕسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەیان و سەدان ئەفسەری پێشمەرگە لە ھەموو یەکە جیاوازەکان پلەیان بەرز دەکرێتەوە.



د. غازی دزەیی، بەڕێوەبەری گشتیی ھاوئاھەنگی و بەدواداچوون لە دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، مەرسوومی تایبەتی سەرۆکی ھەرێم بۆ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی سەر بەو وەزارەتە دەرکراوە.



گوتیشی: "لە نەورۆزی رابردوودا مەرسوومی پلە بەرزکردنەوە بۆ ئەفسەران دەرکراوە و لە مانگی ئەیلوولیش پلەی کۆمەڵێک ئەفسەری تریش بەرز دەکرێتەوە". گوتی: "بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە دوو خشتە ھەیە لە نەورۆز و لە مانگی ئەیلوول، چاوەڕوانی گەیشتنی خشتەی مانگی ئەیلوولین و نەگەیشتووەتە سەرۆکایەتیی ھەرێم".



بەپێی یاسای ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٠٥ ھەموارکراوی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم مەڕسوومی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دەردەکا.



ئەو ئاماژەی بەوەش دا، بۆ بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران بۆ مانگی ٩ لیستەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران، گوتیشی: "لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھیچ لیستێکی پێوەست بە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران نەماوە، ھەمووی جێبەجێ کراوە و مەرسوومی بۆ دەرکراوە".



غازی دزەیی ئاشکراشی کرد، دوایین پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە ئیمزای سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی بۆ دەرکرابێت، لە سەرووی ھەزار و ٥٠٠ ئەفسەر بووە و لە ھەموو یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بووە بە یەکەی ٧٠ و ٨٠وە، گوتیشی: "خشتەی پلەبەرزکردنەوەی یەکە و فەرماندەییەکان ھەمووی بە یەک لیست دێت، کاتی خۆی کێشەی زۆر لەو بابەتەدا ھەبوو، بەڵام ئێستا چارەسەر کراوە و دواکەوتنەکەشی کۆتایی پێ ھاتووە".



بەڕێوەبەرە گشتییەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، ھەر کەسێک گلەیی و سکاڵای ھەبێت لەسەر پلەبەرزکردنەوەی، ئەوا وەڵامی سکاڵاکەی دەدەنەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن، گوتیشی: "لەو نووسراوانە بەرپرسین کە گەیشتوونەتە سەرۆکایەتیی ھەرێم، بەڵام کێشە و کەموکوڕی و رۆتینیش ھەیە، بە تایبەت لە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوە، وەک تەمەن و نەبوونی بڕوانامە".



ئەو ڕاشی گەیاند، بەھۆی شەڕی داعش، بۆ خزمەتی پێشمەرگە لە کاتی پلە بەرزکردنەوەدا چاوپۆشی کراوە لە ھەندێک مەرجی پلە بەرزکردنەوە، گوتیشی: "ئێمە لە سەرۆکایەتیی ھەرێم رەچاوی ئەوەمان کردووە پێشمەرگە لە بەرگریکردندایە لە خاکی کوردستان، بۆیە ئاسانکارییان بۆ دەکەین و پلەبەرزکردنەوەکانیان دواناخەین".







باسنیوز
Top