پاش دوو ساڵ لە قەیرانی دارایی.. وەزارەتی شارەوانی پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر كەركووك جێبەجێ دەكات
نەورۆز مەولود-وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كە سەردانی پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر-كەركووكی كرد بۆ میدیاكان گوتی:یەكێك لە بڕیارەكانی چاكسازی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری گەڕاندنەوەی 20%ی داهاتەكان بوو بۆ شارەوانیەكان بۆ ئەوەی لە پرۆژە خزمەتوگوزاریەكان خەرج بكرێت، وەزیری شارەوانی زیاتر گوتی:پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر كەركووك بە 20%ی داهاتی شارەوانیەكان لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر-شارەوانی پێنج جێبەجێ دەكرێت .
عەبدولڵا شەمسەدین یەكێكە لە ئەندازیارانی پرۆژەكە گوتی: بە 148 ملیۆن دیناری 20% ی داهاتی شارەوانیەكان،بە درێژی 100 مەتر شەقامی هەولێر-كەركووك قیڕتاودەكرێت كەدوای قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2014 دا كاری فەرش كردنی بۆ كرابوو،بەڵام تەواو نەكرا.
ئەو ئەندازیارە دەڵێ:بە داهاتی 20%ی شارەوانیەكان دەتوانین زۆرێك لەو پرۆژانە تەواو بكەین كە تەواو نەكراون.
بەڕێوەبەری هونەری پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی هەولێر-كەركووك كاكە ڕەش مستەفاش گوتی:قیری پرۆژەكەمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوەی هەولێر وەرگرتووە،چونكە لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانین خۆمان قیرەكە دابین بكەین و بەرهەممان وەستاوە.
پۆلیسێكی هاتوچۆی سەر ئەو شەقامە گوتی:قیرتاوكردنی ئەو شەقامە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكان سانا تر دەكات و قەرەباڵغی و ڕووداویش كەم دەكاتەوە.
