یەکێتی لە مەترسیدارترین قۆناغدایە و باڵەکانی یاری بە ئاگر دەکەن

یەکێتی لە مەترسیدارترین قۆناغدایە و باڵەکانی یاری بە ئاگر دەکەن
ململانێی باڵەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و کادرێکی ئەو حزبەش، نهێنیی ململانێ و سزادانی کادیرانی یەکێتی لە لایەن باڵەکانی حزبەکەیەوە ئاشکرا دەکات.

بەهۆی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بنەڕەتدا لە چەند کۆمەڵە و گرووپێکی سیاسی پێکهاتووە، تاوەکوو ئێستاش چەندین باڵ لە نێو ئەو حزبە دایە کە دیارترینیان باڵەکانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەیە لەگەڵ باڵی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لەمبارەیەوە سەمەد زەنگەنە، ڕاوێژکار و سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، لە نامەیەکی دەست لەکار کێشانەوەدا کە لە 14\7\2016دا پێشکەش بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردووە تێیدا بەشێک لە نهێنیی کارەکانی ئەو باڵانەی یەکێتی ڕوون کراوەتەوە، هەروەک زەنگەنە دەڵێت: “لە هەڵە تێگەیشتنى تەکەتولى ئەمبەر و ئەوبەردا منیشتان کرد بە سەگەکەى نێوان (تەپەلو) (لەیلان) و لەو نێوەندەدا پسام”.

ئەو ڕاوێژکارەی کۆسرەت ڕەسول عەلی، ئاماژە بەوە دەکات کە باڵەکانی یەکێتی بەردەوام بە بیانووی جۆراوجۆر، سزای لایەنگرانی باڵەکانی دیکە دەدەن، لەمبارەیەوە نووسیویەتی: “بەرپرسى مەکتەبى مافى مرۆڤ ڕایکردوو بوو بە پارتى، منتان سزا دا و گواستمتانەوە بۆ مەکتەبێکى تر، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستن وایزانى، یاخود هەلپەرستانى تەکەتول وایان تێگەیاندبوو کە من تەکەتولى کاک (کۆسرەت ڕەسول)م، سزاى دام و بە کۆبوونەوەیەکى مەکتەبى ڕێکخستن بڕیارى دەرکردن و پاشان دوورخستنەوەى دام. بەرپرسى دواى ئەو وایزانى سەر بە كاك (ئەرسەلان بایز) ى بەرپرسى پێشووى هەمان مەکتەبم، (ڕێبازى نوێ) و پەیمانگاى کادیران و ڕووناکبیریشى داخست و گواستمیەوە بۆ مەکتەبێکى تر. لەو مەکتەبەشدا دیسانەوە وایانزانى سەر بە کاک کۆسرەتم و بە نووسراوێک گواستمیانەوە”.

ئەو کادیرە دەست لەکار کێشاوەی یەکێتی کە هێشتا ڕوون نییە نامەی دەست لەکار کێشانەوەکەی پەسەند کراوە یاخود نا، لە نامەکەیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە هەرچەندە زیاتر لە چەند جارێک لە سەر کۆسرەت ڕەسول عەلی و باڵەکەی سزا دراوە، بەڵام: “لە هەموى سەیر ترو پێکەنیناویتر، دواى ( 5) ساڵ خزمەتکردنى ئەو کەسەى کە لە پێناویا توپتۆپێنم پێدەکرا، هەلپەرستان و مشەخۆرانى تەکەتول ئەویشیان وا تێگەیاند کە من سەر بە تەکەتولەکەى ئەولام، بە نووسراوێک گواستمیەوە بۆ مەکتەبێکى تر”.

سەمەد زەنگەنە ئەوە ناشارێتەوە کە ئەو لە دیسپلینی حزبیی خۆیەوە لە “دیموکراسیەتە بریقەدارەکەی ئێوە”ی ڕووانیوە و وایزانیوە “بەهەشتێکی لیبرالی و ئازادییەکی عەقڵانی و هەڤاڵانە”یان دروست کردووە، بەڵام: “نەمزانی ئەو کەسەى لەگەڵ لایەکتاندا، تەکەتولێکتاندا کار بکات، دوژمنى لایەکەى تر و تەکەتولەکەى ترە، ئەو پرنسیپەى ئێوە لە سیاسەتدا کارى پێدەکەن، ( ئەوەى لەگەڵمدا نەبێت دوژمنمە)، لە سەدەکانى ناوەڕاستى سیاسەتدا بەکار دەهات، ئەوە شێوازێک بوو لە چەوساندنەوەى فیکرى و جەستەیى، ئیستبدادێکیشە بۆ دابەشکردنى هەموو شتێک و یەکێتیش بەسەر ڕەش و سپیدا”.

ناکۆکیی نێوان باڵەکانی یەکێتی لە ئاستێک دایە کە ئەو ڕاوێژکارەی کۆسرەت ڕەسول عەلی، هەرچەندە 22 ساڵە لەنێو یەکێتی دایە، بەڵام دەڵیت: “(22) ساڵە هەر جارەى تەکەتولێک دەمپلیشێنێتەوەو نایەڵێت ببم بە هیچ، (22) ساڵە لە هەچ بەرەیەک کارم کردبێت، بەرەکەى تر بە خائین و کۆنە پارتى و .....تاوانبارم دەکات، (22) ساڵە من ویستومە کۆیلەى هیچ لایەک و تەکەتولێکتان نەبم و تەنها کار بۆ دونیابینییەکەى (مام جەلال) بکەم”.

هەر لەو نامەیەدا، سەمەد زەنگەنە باسی لە بەکارهێنانی هەندێک لە نووسەرانی سەر بە یەکێتی و پەیج و ماڵپەڕەکانی نزیک لەو حزبە، لە شەڕی نێوان باڵەکانی یەکێتی کردووە و بڵاوی کردووەتەوە: “لەوپەڕى هەستکردن بە بەرپرسیارەتییەوە، بەر لە هەڵبژاردنەکان، پێشبینى کارەساتى کەمبوونەوەى دەنگەکانى یەکێتیم کرد و لە بابەتى (من پارتى نیم بەڵام) بڵاوم کردەوە، کە لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتى دەبێتە حزبى سێیەم، نووسەرێکیان لێهاندام و بۆى نوسیم (یەکێتى بون وانابێ)، دواى ئەوەى پێشبینییەکەى من دەرچوو، منیان بە چەند جنێوێکى پەیج و سایتەکان پاداشت کرد و نووسەرە دەربارەکەى هاوڕێشمیان کرد بە بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتێک”.

ئەوەش ئاشکرا دەکات کە دۆخی یەکێتی لە دەست ئەو باڵانەدا مەترسیدارە و دووپاتی دەکاتەوە: “من دەمویست شیکارییەک بۆ ئەو هەنگاوانەى هەریەک لە تەکەتولەکان بکەم کە لەم بارودۆخە هەستیار و پڕ مەترسییەدا دەیهاون، چونکە بە بڕواى من بچووکترین هەڵەى سیاسى، جا ستراتیژى، ئایدۆلۆژى، یان تەکتیکى بێت، یەکێتى ڕووە و هەڵدێر و پووکانەوە و هەرەس دەبات. من دەترسام گەمەسیاسییەکەى یەکێتى لە دووبارەبوونەوەى مێژووى جیابوونەوە و دابڕان و بچووکبونەوەدا دوبارە ببێتەوە، چونکە مەحاڵە یەکێتى بەرگەى جیابوونەوە و دابڕانێکى تر بگرێت”.

زەنگەنە دووپاتیشی کردووەتەوە، کەس ناتوانێت نکوڵى لەو ڕاستییە بکات کە ئەو بارودۆخە سیاسییەى ئەمڕۆ یەکێتى پێیدا گوزەر دەکات، “مەترسیدارترین قۆناغە” بۆ تێکچوونى هاوسەنگیی سیاسى لە کوردستان و ئارامیى سیاسى لە ناوچەکەدا. بۆیە دەڵێت: “من وا هەستدەکەم و خۆزگە هەڵەش بم، لەو هەستەى کە تووشى دڵەڕاوکێ و دودڵى و گومانێکى ئەوتۆى کردووم کە هەردوو لایەنەکەى یەکێتى لەم ساتەوەختەدا یارى بە ئاگرێکى مەترسیدار دەکەن، چونکە ئەمڕۆ هەردوو لایەنەکەى یەکێتى بە حاڵەتێکى فیکریى لێڵ و تەمومژاویی ئەوتۆدا گوزەر دەکەن کە هێڵە گشتییەکانى مێژووى سیاسى و بەراوردکاریشیان شێواندووە، واتە چاودێرێک نازانێت هەردوولا ئەمڕۆو سبەینێ و لە پاشەڕۆژدا چۆن بیردەکەنەوە و بە تەماى چین”.

پێشووتر نەوزاد ڕەسوڵ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە ئەو جیاوازی لەنێو یەکێتیدا باڵەکانی دروست کردووە و ئاماژەی بەوە دابوو کە یەکێتی بەو جیاوازییەوە جوانە.

هەرچەندە پێشتریش چەندین جار بەرپرسانی یەکێتی، بوونی باڵەکانیان بە سیمبوولی دیموکراسیەتی نێو یەکێتی وەسف کردووە، بەڵام لە نامەکەی سەمەد زەنگەنەدا دەردەکەوێت کە ئەو ناکۆکییانەی لەنێو باڵەکاندا هەیە، کادیرانی یەکێتی بە تەواوی هەراسان کردووە، لەمبارەیەوە ڕاوێژکار و سکرتێری ڕۆژنامەوانییەکەی کۆسرەت ڕەسول عەلی دەڵێت: “من دەستلەکار دەکێشمەوە، چونکە دەخیلێکى بێلایەنى بێکەسم لاى ئێوە، تەنها قەڵەمەکە و ڕاستگۆیى و دڵسۆزى شکدەبەم و ئێوەش ئەوەتان ناوێت، من تەکەتولى کەستان نەبووم و کوردانە و یەکێتییانە کارم کردووە، هەتا بەر لە نووسینى ئەم داواکارییەش کەسم لە خۆم بە یەکێتیتر نەزانیوە، جگە لە مافى خۆم وەکو هەموو کادیرانى یەکێتى، لە خانەنشینێکى پێشمەرگە و بەڕێوەبردنى ژیانێکى کولەمەرگى، چیتان داومەتێ لە خانوو، زەوى، باخ، پارە و سەڵتەنەت بیبەنەوە”.

ناکۆکیی نێوان باڵەکانی یەکێتی سەری هەڵداوەتەوە و لە ڕێگای ماڵپەڕ و پەیجەکانی نزیک لە باڵەکانی ئەو حزبەوە، هێرش بۆ سەر یەکتر دەستی پێ کردووە.




باسنیوز
Top